کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و دوستی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی "شامات" کۆچی دوایی کرد

13:11 - 31 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی هەینی ٣٠ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، کاک "ڕۆستەم پوورئازەر"، خەڵکی گوندی "حاجی حەسەن" سەر بە ناوچەی "شاماتـ"ـی "میاندواو" لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا و بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "ڕۆستەم"  لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، هەموو کات لە ناوچەی "شامات" یار و یاوەر و یاریدەدەری پێشمەرگە بووە.

کاک "ڕۆستەم ئازەرپوور" لە زۆربەی عەمەلیات و دەرگیریی پێشمەرگە لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان، لەوانە شەڕی "تاڵاو، گەزەڵێن، دێمەنسوور و جەعفەرئاوا" و شەڕی بابەلی" لە "خێرئاوا"، وەکوو کادری دەرمانی خەریکی تیمارکردنی پێشمەرگە بریندارەکان بووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا و لە کەمینی پاسدارە تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران، لەسەر سێڕێیانی گوندی "حاجی حەسەن" کە بەداخەوە پێشمەرگەیەک بە ناوی "عەلی کڵاورەش" شەهید بوو و دوو پێشمەرگەی تر بریندار بوون، کاک "ڕۆستەم" برینەکانی دەرمان کردوون.

کاک ڕۆستەم لەگەڵ شەهید سەید "برایم مەعرووفی" و شەهید "یووسف شەریفی" و کاک "مەحەممەد شاروێرانی" و کاک "ساماڵ" پەیوەندیی تەشکیلاتیی هەبوو.

هەروەها لەو ساڵانەی پێشوودا لە هەموو بۆنەکانی حیزبی لەوانە، ۲۵ی گەلاوێژ و ۲ی ڕێبەندان، ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە و هەمووکات ئاگری ۲۵ی گەلاوێژ لە کێوی "تاڵاو"، دەوروبەری "حاجی حەسەن" بە دەستی ناوبراو کراوەتەوە.

کاک "ڕۆستەم" کەسایەتییەکی خۆشناوی "حاجی حەسەن" و ناوچەی "شامات" بوو.

کاک "ڕۆستەم" زۆربەی کاتەکان سەردانی گڵکۆی شەهیدانی دەکرد، بەتایبەتی لە دوایین ڕۆژەکانی ژینیدا سەردانی ماڵی دوکتور "قاسملوو" لە گوندی "قاسملوو" و گڵکۆی کاک "کەریم عەلی فەرامەرزی" کرد  و بڕیار بوو لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانی گڵکۆی کاک "هەژار" بکات، بەڵام بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە تەمەن مەودای نەدا.

تەرمی کاک "ڕۆستەم پوورئازەر" لەنێو ئاپۆڕای خەڵک و لە زێدەکەی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری کاک "ڕۆستەم" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمی بنەماڵە و گوندی "حاجی حەسەن" و ناوچەی "شامات" دەزانێت.