کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر کۆچی دوایی کرد

11:45 - 5 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: مەلا "عوسمان ڕەسووڵیان" کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەری شاری بۆکان، بە هۆی بەساڵاچوویی ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ۳ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، مەلا "عوسمان ڕەسووڵیان"، خەڵکی گوندی "ئاغجێوانـ"ـی شاری بۆکان، کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و یاری بەوەفای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆچی دوایی کرد.

لە ساڵەکانی سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئێران، ئەو کاتەی ڕێژیم بۆ لەنێوبردنی ڕۆڵەکانی نەتەوە و هێزەکانی پێشمەرگە، بەردەوام کێو و شاخەکانی کوردستانی بۆمباران دەکرد، کچێکی مەلا عوسمان کەوتە بەر پریشکەی خۆمپارەی تۆپەکانی ڕێژیم و شەهید کرا.

دوای شەهیدبوونی کچەکەی بەدەست ‌هێزەکانی ڕێژیمەوە، کاربەدەستانی ڕێژیم داوای لێ دەکەن ناوی کچەکەی وەکوو شەهیدی  ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دامەزراوەی بەناو  "بونیادی شەهید"ـی ڕێژیم تۆمار بکات، بەڵام مەلا عوسمان لە کاربەدەستانی ڕێژیم تووڕە دەبێ و دەڵێی: کچی من شەهید بووە، بەڵام شەهیدی گەل و نیشتمانە، نەوەک ئێوەی داگیرکەر. هەروەها ڕوو لە کاربەدەستانی ڕێژیم وتبووی: دڵنیا بن، من ئەو سەرشۆڕییە قەبووڵ ناکەم و نایەمە ژێر ئاڵای ئێوەدا.

مەلا عوسمان دواتریش دیسان ئەو داوایەی لێ کراوە و پێیان وت: بۆ ئەوەی بۆ خۆت و منداڵەکانت بتوانن لە ئیمتیازی بەناو  "بونیادی شەهید"ـی ڕێژیم کەڵک وەرگرن و داهاتووتان مسۆگەر بێ، ناوی کچەکەت لەو بونیادەدا تۆمار بکە. بەڵام دیسان ئەو داواکارییەی ڕەت کردەوە و هەتا دواپشووی ژیانی هەر بە سەربەرزی ژیا و درێژەی بە لایەنگریی لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران دا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.