کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر کۆچی دوایی کرد

13:46 - 31 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و سەرۆکی کوردستانی سوور، کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی هەینی، ٣٠ی خاکەلێوە، " وەکیل مستەفا ڤۆوڤ"، کەسایەتییەکی نیشتمانی و سەرۆکی کوردستانی سوور، لە وڵاتی ئیتالیا کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو، ساڵی ١٩٣٨ی زایینی، لە وڵاتی ئۆزبەکستان لە بنەماڵەیەکی کۆچبەر لەدایک بووە. بنەماڵەی ناوبراو لە قەفقازەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوور خرابوونەوە.

لە ساڵی ١٩٦٧دا، لە بەشی ماف لە زانکۆی قێرقیزستان بڕوانامەی وەرگرت. دوای دەرچوون لە زانکۆ دەبێتە جێگری ئاسایشی شاری ئۆش لە قێرقیزستان و دواتر دەبێتە شارەداری ئەو شارە.

ناوبراو دوای هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی سۆڤییەت لە وڵاتی ئیتالیادا نیشتەجێ دەبێت.

وەکیل مستەفا ڤۆوڤ کە کوردێکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆز بوو، نووسەرێکی بەتواناش بووە و کتبێکی لە بارەی کوردستان، بە نێوی "کوردستانی قەفقاز" نووسیوە، جیا لەم کتێبە چەندین گوتاری مێژوویی و سیاسیشی نووسیوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ کۆچی دوایی ئەو کەسایەتییە ناودارەی کورد، سەرخۆشی لە بنەماڵەی ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.