کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەری ناوچەی زەردۆیی کۆچی دوایی کرد

10:30 - 2 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و ناسراوی ناوچەی زەردۆیی، سەر بە پارێزگای کرماشان، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی ڕەزبەر،  ''خاڵۆ مەجید فەتاحی''، کۆڕی ''دەروێش ئەحمەد''، کەسایەتیی خۆشناوی ناوچەی زەردۆیی سەر بە پارێزگای کرماشان،  لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشیی دڵ لە نەخۆشخانەیەکی شاری کرماشان، کۆچی دوایی کرد.

"خاڵۆ مەجید" لە تەواوی ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەدا، ڕۆڵێکی جوامێرانە و نیشتمانپەروەرانەی هەبووە.

ناوبراو یەکێک لەو کەسایەتییانە بووە کە چەندین جار بەهۆی هەڵوێستە سیاسی و نەتەوەییەکانی خۆیەوە و بەشداریی چالاکانەی ئەندامانی بنەماڵەکەی لە خەباتی ڕەوای ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەماندا، کەوتووەتە بەر پەلامار و ئازاری دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

تەرمی "خاڵۆ مەجید"، لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ و لەنێو ئاپۆڕای خەڵکدا، لە مەزارگەی "حەزرەتی وەیس" لە کرماشان، بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.