کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەری ناوچەی پاوە کۆچی دوایی کرد

11:52 - 9 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: مام "غەفوور مستەفایی"، باوکی کاک "تەیموور مستەفایی"، ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٨ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی، مام "غەفوور مستەفایی"، باوکی کاک "تەیموور مستەفایی"، ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات، کەسایەتیی خۆشناوی ناوچەکانی هەورامان، جوانڕۆ و کرماشان، لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا لە ماڵی خۆی لە شاری پاوە، دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ئەمڕۆ دووشەممە لەنێو ئاپۆڕای خەڵکدا، تەرمەکەی بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

مام "غەفوور مستەفایی"، ساڵی ١٣٠٨ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی ناسراوی ناوچەی "زەردۆیی" چاوی بە دنیا هەڵێنا.

مام "غەفوور" بە درێژایی تەمەنی پڕشانازیی خۆی هەمیشە یەکێک لەو کەسانە بوو کە بۆ پاراستنی یەکڕیزی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێو خەڵکدا هەوڵی دەدا و بۆ چارەسەریی کێشە و ناکۆکییەکان و پێکهێنانی تەبایی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی ڕۆڵێكی شوێندانەری هەبوو.

 لە ماوەی ساڵەکانی پاش شۆڕشی گەلانی ئێراندا، مام "غەفوور" بەهۆی بەشداریی بنەماڵەکەی لە شۆڕشی ڕەوای خەڵکی کوردستاندا، بەردەوام لەژێر گوشار و هەڕەشەی بەردەوامی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمدا بوو.

ناوبراو چەندین جار بەهۆی هەڵوێستەکانی و سەردانی لە بنکەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پشتیوانیی ئازایانە لە ڕێبازی ئەو خەباتە ڕەوایەی کە کوڕەکەی تێیدا بەشدار بوو، تووشی گیران و هەڕەشە و ئەشکەنجەی دڕندانە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بوو کە کاتی خۆی لە بڵاوکراوەکانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنیشدا دەنگدانەوەی هەبوو.

مام "غەفوور" سەرەڕای هەموو ئەو چەرمەسەرییانەش هەرگیز و هەتا ئەو چرکەساتەی کە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت، کۆڵی نەدا و ئامادە نەبوو بۆ ساتێکیش گومان لە ڕەوایی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەی بکات. هەر ئەو بوێری و خۆڕاگرییەش بوو کە مام غەفووری وەک کەسێکی نیشتمانپەروەر و چاونەترس لە بەرانبەر دڕندەترین ڕێژیمی سەردەمدا کردبووە خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک و جێگەی ڕێزی هەمووان بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی مام غەفوور مستەفایی، پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵە، کەسوکاری بەڕێزی و هەموو خەڵکی نیشتمانپەروەری ناوچەی پاوە و زەردۆیی دەکات و خۆی بە بەشداری خەمیان دەزانێت.