کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت

20:46 - 17 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر، دڵسۆز و  تێکۆشەرێکی ماندوونەناس خەڵکی شاری نەغەدە بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ، کاک "ڕەشید برنجی" کەسایەتی تێکۆشەر و دڵسۆزی خەڵکی شاری نەغەدە کۆچی دوایی کرد.

کاک ڕەشید، ساڵی ١٣١١ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لەنێو بنەماڵەیەکی کوردپەروەردا چاوی بە دنیا هەڵێنا. ئەو کەسایەتییە نیشتمانپەروەرە لە قوتابخانەکانی کۆماری کوردستاندا لە بواری خوێندکاری و خوێندن لە نێو قوتابیاندا چالاکی هەبووە.

کاک ڕەشید بە هۆی زیرەکی و لێوەشاوەییەوە لە لایەن پێشەوا قازی محەممەد خەڵات دەکرێت.

خۆشەویستی و دڵ بەستراوەیی بە پێشەوا و ڕێبازەکەی هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی هەر سەرباشقەی ژیان و کردەوەکانی بوو و بەردەوام باسی کۆمار و ئەزموونەکانی کۆماری کوردستانی بە گوێی لاواندا دەگوتەوە.

ناوبراو وێڕای ئەوەش کەسایەتییەکی خەمخۆر و نیشتمانپەروەر بوو و هەر لە سەرەتای لاوەتییەوە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.

کاک ڕەشید ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی بە هۆی هاوکاریی لەگەڵ شەهید "عەبدوڵڵا قادری ئازەر" ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزب لە دەروەی وڵات دەسبەسەر کرا و هەتا ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە زیندانەکانی ڕێژیمدا ئازار و ئەشکەنجە درا.

 به هۆی ئەشکەنجە و ئازارەکان لە زینداندا لاق و ئەژنۆی بە سەختی تووشی زیان بوو.

کاک ڕەشید لە شاری نەغەدە وەک کەسایەتییەکی جێگای متمانە و باوڕ چاوی لێدەکرا و پێوەندی بە هەموو حەرەکەت و بزاڤی کوردیەوە هەبووە.

منداڵاکانی کاک ڕەشید بە وانەی کوردایەتی پەروەردە کراون و لە خزمەت نیشتماندا لە هیچ کارێک دەرێغی ناکەن.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

کاک ڕەشید باوکی "هەژار برنجی" ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.

هەژار برنجی ئەندامێکی دڵسۆز حیزبی دێموکراتە و هاوکات هاوکار و ڕاوێژکارێکی سەرەکی دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دەزگای ڕاگەیاندنی گشتیی حیزبی دێموکرات؛ وێڕای بەداخبوونی خۆیان بۆ لەدەستدانی ئەو کەسایەتییە نیشتمانپەروەرە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.