کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەش‌وهەوای ئەمنییەتی نەیتوانی ببێتە رێگری بەڕیوەچوونی رێوڕەسمی چوارشەممە سووری لە کوردستانی ئێران

20:29 - 27 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: هاووڵاتییانی کورد لە زۆربەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، سەرەڕای زاڵ‌بوونی فەزای ئەمنییەتی، ئاگری چواشەممەسووریان کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرەڕای هەڕەشەی هەمەلایەنەی رێژیمی ئێران و زاڵ‌بوونی فەزای ئەمنییەتی بە سەر کوردستاندا، هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێراندا بە شێوەیەکی بەرچاو پێشوازیان لە چوارشەممە سووری کرد و بە داگرساندنی ئاگری چوارشەممە سووری، بەرەو پێشوازی نەورۆز و ساڵی نوێ چوون.

ئێوارەی رۆژی رابردوو لە هەر چوار پارێزگای ئیلام، کرماشان، سـنە و ئورمیە لە فەزایەکی ئەمنی و ئینتزامی، ئاگری چوارشەممەسوورییان کردەوە و بەرەو پێشوازی ساڵی نوێ چوون.

لەماوەی رابردوودا هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامی، لە زۆربەی شار و ناوچەکاندا بە هاووڵاتییانیان راگەیاندبوو، کە خۆیان لە بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی ئاگری نەورۆز و چوارشەممە سووری، ببوێرن.

بەپێی ئەو هەواڵانەی لە شاری مەهابادەوە بەدەست ئاژانسی كوردپا گەیشتوون، خەڵكی ئەو شارە پاش كۆتایی هاتنی رێوڕەسمەكە لە دەورووبەری بەنداوی مەهاباد دروشمی دژە حكوومەتییان وتووەتەوە.

لە پەیوەندی لەگەڵ میلیتاریزە کردنی کوردستان، ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بڵاوی کردووەتەوە کە رۆژی رابردوو لە شەقام و شوێنە سەرەكییەكانی شاری سنە هێزە ئەمنییەتی ـ ئینتزامیەكان حوزووری بەرچاویان هەبووە.

ئەم سەرچاوە خەبەرییە جەختی کردووە: هێزەكانی گاردی تایبەت و دژە شۆڕش لە شەقامەكانی شاپوور، فێردووسی، شەشی بەهمەن، سەفەری، ژاندارمێری و باغی میللیی جێگیر كرابوون و تەنانەت یەكێک لە دەستفرۆشەكانیش لەلایەن ئەو هێزانە دراوەتە بەر لێدان و بێ حورمەتی کردن.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە خەڵکی مەهابادیش، پاش كۆتایی هاتنی رێوڕەسمەكە دروشمی دژی رێژیمیان وتووەتەوە.

هەندێک لە راپۆرتەکان کە لە مەهابادەوە بە دەستی ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتبوو، باس لە تێکهەڵچوونی هێزەکانی ئینتزامی لەگەڵ لاوەکانی کورد دەکات و لەم راپۆرتەدا جەخت کراوەتەوە کە هیزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران ١٥ لاوی کوردیان دەستبەسەر کردووە.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی رابردوودا نیسبەت بە بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی نەورۆز و چوارشەممەسووری هۆشداری داوە و بۆ رێگری کردن لە بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی نەورۆز، زۆربەی شارە کوردنشینەکانی کوردستانی میلیتاریزە کردووە.

ئاویەر.ت