کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەم ئاوی لە شاری قوروەدا کێشەیەکی جیدییە

11:50 - 3 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: فەرمانداری شاری قوروە باسی لە کێشەی کەم ئاوی لەم شارەدا کردووە و وێڕای به جیددی زانینی ئەم کێشەیە، باسی لە لاوازی و کەمتەرخەمیی پەدافەندی غەیرەعامڵی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای سنه کردووە.

"موەحد ئەمانوڵڵاهی"، فەرمانداری شاری قوروە، لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕۆژی یەکشەممە، ٢ی پووشپەڕ و بە مەبەستی تاوتوێکردنی پەدافەندی غەیرەعامڵ بەڕێوەچوو، ڕایگەیاندووە کە لە بواری پەدافەندی غەیرەعامڵەوە زۆر دواکەوتوون و زۆربەی کات ئەم شتە لە بەرچاو ناگیردرێت.

ناوبراو وێڕای ڕەخنە لە پەدافەندی غەیرەعامڵی پەیوەندیدار بە کاروباری ئاو و ئاوەڕۆی ئەم شارە وتوویەتی: "لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، کێشەی پچڕانی ئاوی خواردنەوە لە شاری دڵبەران بە شێوەیەک بووە کە تاکوو ئێستاش چارەسەر نەکراوە. هەروەها باسی لەوە کردووە کە چونکە ئاوی خواردنەوەی ٤ شار و ١٢٧ گوندیش لە ئاوی ژێرزەوی دابین دەکرێت، هاوینی ئەمساڵ کێشەی جیددیی ئاویان دەبێت و بارینەکانی ئەمساڵی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەم ئاوی بە کەم ناو بردووە.

"ئەمانوڵڵاهی" بە ئاماژه بە شکانی لوولە ئاوەکان، ئەو کێشەیەی بۆ نەبوونی بەڕێوەبەریی گونجاوی کارگێڕان و بەرپرسانی ڕێژیم گەڕاندووەتەوە.

لە لایەکی تریشەوە ئەم بەرپرسەی ڕێژیم ئاماژەی بە کێشەی کارەبا کردووە و وتوویەتی: "وێڕای پیشەیی نەبوونی پارێزگای سنه، بۆچی دەبێ کێشەی کارەبا هەبێت و ئەگەر ڕێگاچارەیەک نەدۆزرێتەوە، ئەوە ئەمساڵ پارێزگای سنه تووشی کێشەی کارەباش دەبێت."

ئاو و کارەبا لەو خزمەتگوزارییە گرینگانەن کە لە ژیانی مرۆڤدا گرینگییەکی بەرچاویان هەیە. کێشەی نەبوونی ئەم خزمەتگوزارییانە بەتایبەت نەبوون یان کەمبوونی ئاو، ماوەیەکە زۆربەی خەڵکی پارێزگای سنەی تووشی کێشە کردووە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان لە زۆربەی شارەکاندا، ئاوی هەندێک گەڕەک لە ناکاودا دەپچڕێت، بە شێوەیەک کە  لەم ڕۆژانەی دواییشدا، خەڵکی دێولان لەهەمبەر پچڕانی بەردەوامی ئاو ناڕەزایەتییان دەربڕێوە و ڕایانگەیاندووە کە کەمبوونەوەی تەوژمی ئاو و پچڕانی ئاو، تەنگی بە خەڵكی دێولان هەڵچنیوە و ناوەندە پەیوەندیدارەکانیش هیچ ڕێگاچارەیەک بۆ ئەم کێشەیە دیاری ناکەن.