کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمترخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم لەهەمبەر پەرەگرتنی ڕێژەی تووشبوان بە کۆرۆنا لە ئێران

16:42 - 25 رەشەمه 2719

لە حاڵێکدا کە ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کرۆنا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا زیاتر لە ١٠٠ کەسی تیپەڕاندووە، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران بۆ جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە ''شتێکمان بە ناوی دابڕگە نییە''.

"حەسەن ڕووحانی"، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی ڕەشەمە وتوویەتی، سەرەڕای ئەوەی کە ڕووبەرووی کۆرۆنا بووینەتەوە، دەبێ پرۆتۆکۆلە تەندروستییەکان ڕەچاو بگیردرێت و هاوکات کاروبارە ئابوورییەکان بە شێوەی ئاسایی بەڕێوە بچێت.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە زۆرێک لە وڵاتان کە تەنانەت ڕێژەیەکی کەمتریان لە قوربانییان و تووشبووان بەم نەخۆشییە بەنیسبەت ئێران هەیە، دەستیان بە دابڕگەی گشتی کردووە.

بەپێی ئاماری فەرمیی وەزارەتیی تەندروستیی ڕێژیم، ژمارەی قوربانییانی کۆرۆنا لە ئێراندا گەیشتووتە ٧٤٢ کەس و ڕێژەی تووشبووان بەم ڤایرۆسە گەیشتووەتە نزیکەی ١٤ هەزار کەس.

لە حاڵێکدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێراندا بڵاو بووەتەوە، ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدایە ئەم دۆخە کە هەڕەشە لە گیانی خەڵک دەکات بە شێوەیەکی ئاسایی نیشان بدات و هیچ هەنگاوێکی جیددیی بۆ کۆنترۆڵی ئەم دۆخە هەڵنەگرتووە.