کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمتەرخەمیی بەرپرسان جارێکی تر کێشەی بۆ خەڵک دروست کرد

11:05 - 20 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بارینی بەفرێکی زۆر و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم، لە خاوێنکردنەوەی ڕێگاوبانەکانی کوردستان، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ڕێگەبەندانی لێ کەوتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانبار، شەپۆلێکی بەفربارین و بۆران و سەرما، زۆربەی شار و پارێزگاکانی کوردستانی گرتەوە، کە بووە هۆی ڕێگەبەندان و هاتووچۆی خەڵکی بۆ شارەکان و نێوان گوندەکان تووشی کێشە کرد.

ئەم بەفربارینە بووە هۆی گیرانی ڕێگای نێوان ورمێ – شنۆ، ڕێگەوبانەکانی سیلوانای ورمێ، جاددەی زێوە – ورمێ، سەقز – دیواندەرە، سەقز – بانە، سەقز – سنە، مەریوان – سنە کە ڕێگای هاتووچۆی سەدان ماشینی گرت و هاووڵاتییان بە ناچاری بۆ چەندین کاتژمێر لە نێو سەرمادا مانەوە.

زۆربەی هەرە زۆری جاددە و ڕێگەوبانەکانی کوردستان بەهۆی شاخاوی بوونەوە  هەموو ساڵێک لە وەرزی سەرما و سەهۆڵبەنداندا بەم شێوەیە بەفر دەیگرێت و بەرپرسانی ڕێژیم و لایەنە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمیش، لە ڕاستای خاوێنکردنەوەی ئەم ڕێگایانە یان هیچ هەنگاوێک هەڵناگرن، یان زۆر درەنگ بەفری ڕێگاکان دەماڵن، کە کێشە لە بواری هاتووچۆی هاووڵاتییان دروست دەبێت.

هاوکات لەگەڵ ئەم دۆخە شەقامی زۆربەی شار و شارۆچکەکانیش بەتەواوی سەهۆڵ دایپۆشیوە و بەهۆیەوە دوێشەو چەندین پێکدادان و ڕووداوی دڵتەزێن ڕوویان دا.