کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمتەرخەمیی بەرپرسانی کێشەی بۆ خەڵک دروست کردووە

12:55 - 8 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بارینی بەفرێکی زۆر و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم، لە خاوێنکردنەوەی ڕێگاوبانەکانی کوردستان، ڕێگەبەندانی لێ کەوتەوە.

ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٧ی بەفرانبار، شەپۆلێکی بەفربارین، زۆربەی شارەکانی کوردستانی گرتەوە، کە بووە هۆی ڕێگەبەندان و هاتووچۆی خەڵکی بۆ شارەکان تووشی کێشە کرد.

ئەم بەفربارینە بووە هۆی گیرانی ڕێگای "مەهاباد - بۆکان" ناسراو بە ڕێگای "بورهان" ، کە ڕێی هاتووچۆی زیاتر لە سەد ماشینی گرت و هاووڵاتییان بە ناچاری شەویان لە سەرمای نێو ڕێگادا تێپەڕ کرد.

ڕێگای "بورهان"، هەموو ساڵێک بەم شێوەیە بەفر دەیگرێت و بەرپرسانی ڕێژیم و لایەنە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم، لە ڕاستای خاوێنکردنەوەی ئەم ڕێگایە یان هیچ هەنگاوێک هەڵناگرن، یان زۆر درەنگ بەفری ڕێگاکان دەماڵن، کە کێشە لە بواری هاتووچۆی هاووڵاتییان دروست دەبێت.

شیاوی ئاماژەیە ئەم ڕێگایە دەچێتەوە سەر ناوچەی "سەهۆڵانی مەهاباد"، کە ناوچەیەکی گەشتیارییە و ساڵانە بە سەدان کەس لە شوێنە جیاجیاکانی ئێران و جیهانەوە سەردانی دەکەن.