کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمتەرخەمیی ڕێژیمی ئێران و دۆخی قەیراناویی ناوچە لافاولێدراوەکان

13:37 - 27 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بە هۆی لافاوەکەی خاکەلێوەی ئەمساڵ، دۆخێکی قەیراناوی ناوچە لافاولێدراوەکانی گرتووەتەوە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران، بە هۆی ڕووداو و لافاوەکانی خاکەلێوەی ئەمساڵ، تا ئێستا ١٣ هەزار میلیارد و ٧١٠ ملیۆن تمەن، زیان وەبەر بەشی جووتیاریی ٢٨ پارێزگای ئێران کەوتووە.

"ڕوودباری"، بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی "راهداری" ڕایگەیاندووە: "بە هۆی لافاوی خاکەلێوەی ئەمساڵ، زۆرتر لە ١٦ هەزار کیلۆمیتر لە ڕێگاوبانەکان زیانیان بەر کەوتووە، کە بۆ نۆژەنکردنەوەیان پێویستمان بە ٢ هەزار و ٦٠٠ میلیارد تمەنە. هەروەها بەم هۆشەوە، ٢ هەزار ڕێگای نێوان گوندەکان و ٤٠٠ ڕێگای نێوان شارەکان، خەساریان بەر کەوتووە و بەسراون".

هەر لەم پەیوەندییەدا، پارێزگاری لوڕستان ڕایگەیاندووە: کە ٢٠٠ هێکتار لە زەوییە جووتیارییەکانی شارستانی "پولدوختەر"، خەساری سەدلەسەدیی بەر کەوتووە و ١٠ هەزار جووتیار بێکار بوونە.

هەرچەند، ئامارەکانی ڕێژیم جێی متمانە نین و بەردەوام چەواشەکاری دەکەن، بەڵام هەر بەپێی ئەم ئامارەش بێت، ڕێژەکان زۆر بەرزە و باس لە قەیرانێکی هەوسارپچڕاو دەکات، کە ڕێژیم هەم کەمتەرخەمە و هەم توانای کۆنترۆڵی ئەم دۆخەی نییە.