کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیەندراوێکیان سەبارەت بە نوێنەرانی ڕێژیم لە مەجلیس بڵاو کردەوە

10:38 - 15 رێبەندان 2719

لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا، هاتووە: "ئەم ڕێژیمە ماوە بە ماوە و لە ڕێگای هەڵبژاردنگەلێکی نمایشییەوە و هەر جارە و بە پڕوپاگەندای جۆراوجۆر و هەڵخەڵەتاندن، خەڵکی کێشاوەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان کە مەبەستی سەرەکیی لەم کردەوەیە، بەڕێوەبردنی شانۆیەکە بۆ ڕەواییدان بە سیستەم و دەسەڵاتدارییە ناڕەواکەی.

دەقی ئەم ڕاگەیەندراوە بەم چەشنەیە:

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

لاوانی خاوەن هەڵوێست!

هەموومان ئاگادارین کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ماوەی دیکتاتۆریی ٤٠ ساڵەی خۆیدا، جگە لە سەرکوت و هەڵاواردن، کوشتن و بڕین و لەنێوبردنی نەتەوە بندەستەکان و لە سەرووی هەموویان نەتەوەی کورد، لە هیچ جۆرە کردەوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە، پارێزی نەکردووە.

ئەم ڕێژیمە ماوە بە ماوە و لە ڕێگای هەڵبژاردنگەلێکی نمایشییەوە و هەرجارە و بە پڕوپاگەندای جۆراوجۆر و  هەڵخەڵەتاندن، خەڵکی کێشاوەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان، کە مەبەستی سەرەکیی لەم کردەوەیە، بەڕێوەبردنی شانۆیەکە بۆ ڕەواییدان بە سیستەم و دەسەڵاتدارییە ناڕەواکەی.

لەو شانۆیەدا، شارومەندانی ئێرانی چەشنی بووکەڵەی سەر شانۆ بەکار دەهێندرێن بۆ ڕەواییدان بە ئایدۆلۆژیی چەقبەستووی ویلایەتی فەقیهـ و پەرەپێدانی کە بە درێژایی دەسەڵاتداریی خۆی هیچ هەڵبژاردنێکی ئازادی تێدا بەڕێوە نەچووە و هێچ بنەمایەکی ئینسانی و دێموکراسی تێیدا ڕەچاو نەکراوە و بگرە هەموو کاتێکیش دژی وەستاونەتەوە.

لێژنەی هاوئاهەنگیی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات بە مەبەستی بایکۆتکردنی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی تۆتالیتەری کۆماری ئیسلامی، کەمپەینێکی ڕێک خستووە کە داوا لە لاوان و بەگشتی خەڵکی بەهەڵوێستی کوردستان دەکات،کە لە ڕێگەی بەکارهێنان و نووسینەوەی دروشمەکان و هەشتەگەکان لەسەر پلاکارد یان ناردنی ڤیدیۆ بە ناوەرۆکی بایکۆتی هەڵبژاردن، دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر بە ئەو شانۆیەی ڕێژیم دەرببڕن.

یەکدەنگیمان نیشانەی سەرکەوتنمانە

لێژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات