کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی شادیی منداڵان درێژەی هەیە

14:11 - 1 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە درێژەی کەمپەینی "یاریکردن مافی منداڵانە"، گەیشتە وێستگەی ١٧هەمین.

لە درێژەی کەمپەینی یاریکردن مافی منداڵانە، ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان به بڵاوکردنەوی کەرەستەی یاریکردن لە نێو منداڵانی گوندی "ساوجیـ"ی سەر بە شاری مەریواندا، شادی و خۆشحاڵییان بە منداڵانی ئەو گوندە بەخشی.

ئەم کەمپەینە بە ڕوانگەیەکی ژینگەیی و فێرکردنی مرۆڤدۆستی و لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە هەر دۆخێکدا یاری کردن و شادبوون مافی منداڵانە، درێژە بەم کارە مرۆڤدۆستانەی خۆی دەدات و گەیشتە ١٧هەمین وێستگەی خۆی.

لەم پەیوەندییەدا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، زیاتر لە ۳۰۰ منداڵی کرماشان، بە ڕێکخستنی کەمپەینێک لەژێر ناوی "کەمپەینی مێهرەبانی"، بە مەبەستی هاوسۆزی لەگەڵ منداڵانی پارێزگای لوڕستانی لافاولێدراو، دەستیان داوەتە کۆکردنەوە کەلوپەل و کەرەستەی یاریکردنی منداڵانە و وەکوو دیاری ڕەوانەی منداڵانی لوڕستانیان کردووە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لە قوتابخانەکانی کوردستان و ئێران، قوتابییان بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژی ''مامۆستا ''، شادی و خۆشحاڵییان دەربڕیبوو کە لە لایەن ڕێژیمی کۆنەپەرەستی ئێرانەوە بەتوندی کاردانەوەی لێکەوتەوە.