کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی "هاودڵیی کوردستان" بۆ یارمەتیدان بە ئەو بنەماڵانە کە بە هۆی دابڕگەوە توانایی دابینکردنی بژیوی ژیانیان لەدەست داوە، دامەزرا

12:32 - 6 خاکەلێوه 2720

کۆمەڵێک چالاکان مەدەنیی و هاووڵاتییانی شاری سنە، بە دانانی کەمپەینێک لە ژێر ناوی "کەمپەینی هاودڵیی کوردستان" لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لە ماڵ نەهاتنە دەرەوەی هاووڵاتییان لە ماڵەکانیان، بە مەبەستی یارمەتی دانی بنەماڵەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، داوا لە هاووڵاتییان دەکەن بەپێی توانا، یارمەتی بنەماڵە تووشبووکانی ئەو نەخۆشییە لە ڕێگای ئەو کەمپەینە بەدەن.

وەرێخرانی ئەو کەمپەینە دەڵێن بۆ پارێزگاری لە گیانی خۆمان و خۆشەویستانمان تەنیا ئەوەندە بەس کە بۆ ماوەیەک بەوە قەناعەت بکەین لە ماڵەکانماندا بمێنینەوە. دابڕگەی شارەکان لە ئەستۆی لایەنە پێوەندیدارەکانە کە بەداخەوه بەهۆی کەمتەرخەمییان، کەوتووەتە ئەستۆی  لایەنە مەدەنییەکان کە خۆبەخشانە خزمەت بە نەتەوەکەیان دەکەن.

بەرێوەبەرانی ئەو کەمپەینە دەڵێن: بۆ هاندانی خەڵک بە دابڕگەی خۆیان و بنەماڵەیان، هەوڵماندا بە رێکخستنی کەمپەینێکی یەکڕیزانە بەناوی هاودڵیی کوردستان بە ئامانجی.

1ـ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ ئەو بنەماڵانە کە بە هۆی دابڕگەوە توانایی دابینکردنی بژیوی ژیانیان لەدەست داوە.

2ـ خستنە بەرچاوی قازانجەکانی دابڕگە و لەماڵدا ماننەوە و چۆڵکردنی شەقامەکان بۆ خۆ پاراستن لە هەرچەشنە پێوەندییەکی کۆمەڵایەتی، لەدرێژەی پچڕانی زنجیرەی تووشبووان.

3ـ داواکردن لە خاون ماڵ و خاون دووکانەکان بە هەڵسوکەوتی دلۆڤانانە و تێگەیشتووانە لەگەڵ کرێچییەکانیان بەهۆی داخستنی دووکان و بازاڕ و کەمبوونی داهاتی بنەماڵەکان.

4ـ خاوێن و گەنبڕکردنی شار بە شێوەی بەردەوام لە هەرجۆر ڤایرۆس و نەخۆشینێک.

ئەم کەمپەینە بە هاوکاریی چەند لایەنی مەدەنی و ئایینی شاری سنە پێکهاتووە و لە هەنگاوی یەکەمدا بەشێوەی مەجازی و لە تەواوی ناوچەی زاگرۆس نشینان دەس پێدەکات و پاشان هەنگاوەکانی بۆ بەکردەوە کردنی ئامانجەکانی دەگوازرێتەوە.

بۆ بەدی هاتنی ئامانجەکانی کەمپەینی ''هاودڵیی کوردستان'' بە هاوکاری دامەزراوەی پاڵپشتی لە منداڵانی بێ سەرپەرشتی «هانای پاکانی وڵات» لە شاری سنە، یارمەتییەکانی خەڵکی دڵۆڤان و خۆبەخش کۆ دەکرێتەوە و لە ڕێگای ئامانجەکانمان سەرف دەکرێت. ئەم کارە بە شێوەی ڕوون لە لایەن کەمپەینەوە بڵاو دەکرێتەوە.