کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی ڕزگارکردنی "گادەر" لە شنۆ پێک هات

12:29 - 22 خەزەڵوەر 2721

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێک لە چالاکانی مەدەنی، ژینگەیی و خەڵکی وەزاڵەهاتووی شنۆ و دەوروبەری، کەمپەینێکیان بە مەبەستی پێشگرتن لە درێژەپێدانی هەڵگرتنی لەڕادەبەدەری خیز لە چۆمی "گادەر" پێک هێنا.

لەو کەمپەینەدا داوا لە هاووڵاتییان کراوە کە بەنیسبەت هەڵگرتنی خیز لە گادەر زیاتر هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن و بەرپرسانیش کۆتایی بە پێدانی ئیجازەنامە بۆ هەڵگرتنی خیز بێنن.

هاووڵاتییان لەو کەمپەینەدا باسەکانی خۆیان خستەڕوو و بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییان تەنیا بەرپرسانیان کردە هۆکاری یەکەمی کاولکاریی "گادەر".

بەدوای پێکهێنانی ئەو کەمپەینە جێگری فەرمانداری وەک هەمیشە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە داوای لە ئەندامانی کەمپەینەکە کرد چەند کەس بە نوێنەرایەتیی بەشداربووانی کەمپەین سەردانی فەرمانداری بکەن.  بەڵام ڕای بەشێک لە هاووڵاتییان ئەوەیە کە ئەو بانگهێشتە تەنیا شانۆیەکە و کەس ئامادە نییە سەرئێشە بۆ خۆی دروست بکات و وتوویانە: "ئێمە دەبێ بۆ خۆمان و بە هێزی خەڵک، پێش بەو کاولکارییە بگرین".

ماوەی چەندین ساڵە فەرمانداری ئیجازەنامەی لەڕادەبەدەر بەو کەسانەی سەر بە ڕێژیم دەدات کە لەسەر چۆمی گادەر ئاشی خیز دابنێن و هیچ بەربەستێکیشی بۆ هەڵگرتنی خیز بۆ دیاری نەکردوون.

گوندنشینان و ڕێکخراوە مەدەنی و ژینگەییەکان سەرەڕای گوشار و پێکهێنانی چەندین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەنیسبەت کاولکاریی چۆمی "گادەر"، هۆشدارییان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان داوە، بەڵام هەموو جارێک بە کارشکێنی درێژەیان بە کارەکانیان داوەتەوە.

هەڵگرتنی خیز و ڕاگواستنی ئاوی چۆمی "گادەر" تەنیا کێشە بۆ وەرزێڕان دروست ناکات، بەڵکوو کاریگەریی لەسەر بوارە جیاجیاکانی گەشەی شار هەیە و لە ئەگەری پێشنەگرتن بەو کاولکارییە لە دواڕۆژدا دەتوانێت کاریگەریی لەسەر "بێئاوی، ڕۆچوونی زەوی، وشکبوونی چاڵاوەکان، کانییەکان و ژینگە و سروشتـ"ـی شنۆ و دەوروبەری هەبێت.

چۆمی گادەر لە کێوەکانی باشووری شنۆ سەرچاوە دەگرێت و پاش تێپەڕبوونی لە شاری شنۆ و نەغەدە لە کۆتاییدا دەڕژێتە نێو گۆلی ورمێ.