کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی کەژوان لە بۆکان دەستبەکاربوونی خۆی ڕاگەیاند

14:06 - 17 خاکەلێوه 2720

کەمپەینی "کەژوان" لە بۆکان بۆ یارمەتی گەیاندن بە خەڵکی کەمداهاتی ئەو شارە کە توانایی دابینکردنی بژێویی ژیانیان نییە، دەستی بە کار کرد.

شاخەوانانی بۆکان و خێرخوازانی ئەو شارە بە یارمەتیی یەکتر کەمپەینێکیان لەژێر ناوی "کەژوان"، بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی کەمداهات و هەژاری ئەو شارە دامەزراندووە.

ئەو کەمپەینە لە ڕاگەیەندراوی خۆیدا داوای لە خەڵکی بۆکان کردووە کە بۆ بەهاناوەچوونی خەڵکانێک کە داهاتێکیان نییە و بەهۆی قەیرانی کۆرۆناوە لە ماڵەکاندان، یارمەتییەکانیان بنێرن بۆ کەمپەین تا بەسەر خەڵکدا دابەش بکرێت.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

هەروەک هەموو لایەک ئاگادارن لە ڕۆژانی دابڕگەکردندا و مانەوە لە ماڵدا، هەندێک ماڵە هەژار هەن کە پێویستییان بە یارمەتیی ئێوەی خۆشەویستە بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان.

کەمپەینی "کەژوان" بە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەی هاوبەشی "شاخەوانانی بۆکان" و "خێرخوازانی شار" ساز کراوە بۆ یارمەتی بەو خۆشەویستانەی پێویستییان هەیە .

تکایە ئەوەندەی لە دەستتان دێت یارمەتیمان بدەن با بتوانین دڵی چەند ماڵی هەژار شاد بکەین.

لە سەرتاسەری شارەکانی کوردستان، خەڵکی خێرخواز و چالاکانی مەدەنی، بە یەکڕیزی و هاوکارییەوە بۆ بەهاناوەچوونی خەڵکی هەژار و کەمداهات و هەروەها بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا چەندین کەمپەینیان دامەزراندووە و ماندوونەناسانە لە چالاکییەکانیان بەردەوامن.