کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی "ئیرە کوردستانە'' دامەزرا

12:30 - 19 جۆزەردان 2721

کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی لە شاری سنه بەمەبەستی پاراستنی شوناسی کوردی و ناوی شار و گوندەکانی کوردستان کەمپەینێکیان لەژێر ناوی کەمپەینی "ئیرە کوردستانە'' دامەزراند.

بەڕێوەبەرانی کەمپەینی "ئێرە کوردستانە" لەو هەڵمەتەدا ناوی گوندەکان کە بە تابلۆ دانراوە و ناوەکانیان گۆڕاوە، بە ڕێنووسی کوردی ناوکانی خۆیان دەنووسنەوە.

ئەم هەڵمەتە بڕیارە لە تابلۆکانی نێوشار و لە شارەکانی دیکەشدا بەڕێوە بچێت.

هاوکات لە شاری "بانە" تیمێک بەدەم ئەو بانگەوازەوە هاتوونە و دەستیان بەو چالاکییە کردووە.

 یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو کەمپەینە وتوویەتی کە ئەمە هەوڵێکه بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ سیاسەتی ئاسمیلاسیۆنی داگیرکەر و بە شێوەیەکی مەدەنییانە پێش بە لەنێوبردنی ڕەسەنایەتی و شوناسی ناوی کوردیی شار و گوندەکان دەگرین و داوایان لە خەڵکیش کردووە کە هاوکاریان بن.

"ئەحمەد کەسرەوی" لێکۆڵەری ئازەری، لە کتێبێکدا بە ناوی "شەهریارانی گومنام" باس لە گۆڕینی ناوی شار و گوندەکان لەلایەن حکوومەتەکانی وەک قاجاڕ، ڕێژیمی پاشایەتی و بە تایبەت ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەکات کە بە سیاسەتێکی ئاسمیلەکارانە لە ڕووی مێژوویی و ئاسەوارییەوە و سڕینەوەی نەتەوەکانی ئێران ناوی لێ دەبات.