کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمیی ئاو لە کوردستان خەڵکی تووشی سەرلێشێواوی کردووە

12:36 - 29 پووشپەڕ 2722

پچڕانی سێ ڕۆژەی ئاو و دابەزینی خێرای ئاو لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی شار و گوندەکانی شاری "ورمێ" بووەتە هۆی سەرلێشێواوی و وەڕەزبوونی خەڵکی ئەو شارە و لەگەڵ ئەوەش بەرپرسان هەتا ئێستا هۆکاری سەرەکیی ئەو کێشەیەیان بۆ خەڵک ڕوون نەکردووەتەوە.

زۆربەی خەڵکی ئەو شارە گلەییان لە پچڕانی بەردەوامی ئاو کردووە و وتوویانە کە ڕۆژانە بەبێ ئەوەی ئاگاداریان بکەنەوە ئاوەکەیان لێ دەگرنەوە کە تەنانەت ئاویان بۆ خۆشوشتن نییە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، چۆمی "دلفان" لە پارێزگای "لوڕستان"، بەهۆی ناکارامەیی بەرپرسانی پەیوەندیداری ڕێژیمی ئێران بەرەو وشکبوون دەچێت و هەزاران گیانداری ئەو سەرچاوەیە مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە و چۆمی "سەیمەرە" لە پارێزگای "ئیلامیـ"ـش بە تەواوەتی وشک بووە.

لەلایەکی دیکەوە "مەجیب حەسەنی" فەرمانداری ڕێژیم لە شاری "نیکشەهر" سەر بە پارێزگای "سیستان و بەلووچستان" وتوویەتی: "لە ٣٤٥ گوندی ئەو شارە ٢٢٠ گوند ئاوی پاک و خاوێنیان بۆ ڕانەکێشراوە".

هەروەتر پێشتر نوێنەری ڕێژیم لە "نیکشەهر" باسی لەوە کردبوو کە ٥٠ لەسەدی گوندەکانی ئەو ناوچەیە دەستیان بە ئاوی خواردنەوە ڕاناگات.