کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمیی دەرمان و خۆین بۆ نەخۆشانی تایبەت لە ئێران نیگەرانیی دروست کردووە

12:51 - 1 بانەمەڕ 2720

چەندین پارێزگای ئێران لەگەڵ کەمیی خوێن بۆ نەخۆشانی تایبەت بەرەوڕوون، بەم هۆیەوە ڕێکخراوی گواستنەوەی خۆین سەبارەت بەم دۆخە هۆشداریی داوە.

بەرپرسی "بنکەی هێمۆفیلیـ"ـی پاڕێزگای مەرکەزی بە ئاماژەدان بە داواکاریی کۆمەڵەی هێموفیلی ڕایگەیاند کە ئەم نەخۆشانە لە مانگەکانی دوای تەشەنەسەندنی کۆرۆنا بە چڕی تووشی کێشە بوونە و لەلایەن ڕێژیمەوە هیچ یارمەتییەکیان پێ نادرێت.

ناوبراو لەسەر ئاوڕنەدانەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت دۆخی دابینکردنی دەرمان و ئەو مافانەی کە پێشێل کراون، وتوویەتی: ''بەداخەوە لە کارنامەی مەجلیسدا پشتیوانییەکی یاسایی لە مافی نەخۆشانی تایبەت هەتا ئێستا هیچ پێگەیەکی نەبووە".

هەروەها وتەبێژی ڕێکخراوی "گواستنەوەی خوێنـ"ـی ئێران باسی لە کردووە، لە دۆخی تەشەنەسەندنی کۆرۆنا زیاتر لە ٩ پارێزگای ئێران لەگەڵ کەمیی خوێن بۆ نەخۆشانی تایبەت بەرەوڕوون.

 لە حاڵێکدا وەزیری تەندروستیی ڕێژیمی ئێران، ٢ مانگ لەمەو پیش ڕایگەیاندبوو، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی توانایی بەرهەمهێنانی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی، ٢٥ لەسەد لە هاوردەکردنی دەرمان کەم کراوەتەوە.

لەژێر سێبەری نەبوونی کۆنترۆڵ و چاوەدێریی دامودەزگاکانی پەیوەندیدار، هەروەها تێوەگلانی هەموو دامودەزگاکان لە دزی و گەندەڵیی سیستماتیک، شیرکەت و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنان و هاوردەکارانی دەرمان لە ئێران تووشی گەندەڵی و دزی بوونە.

لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ٩٨، هەندێک لەو شیرکەتانەی کە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی پەیوەندییان هەبووە، بە بڕی ٢ملیۆن یۆرۆ کە بۆ کڕینی درمان و کەرەستەی پزیشکی تەرخان کرابوو، کابلی کارەبایان هاوردە کردبوو.