کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمیی مامۆستا، لە قەیرانەکانی کۆمەڵگای کوردستانە

11:05 - 18 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە وێڕای ئاماژەدان بە کەمیی ڕێژەی مامۆستایان بەنیسبەت ڕێژەی قوتابییان لەم پارێزگەیەدا باسی لە قەیراناوی بوونی دۆخی قوتابخانەکان کردووە و وتوویەتی، بۆ بارهێنانی مامۆستای باش پێویستمان بە خزمەتگوزاریی باش هەیە.

"ڕەشید قوربانی"، بەرپرسی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە وتوویەتی، ئەگەر یارمەتییەکانی خەڵک نەبایەت، دۆخی قوتابخانەکان زۆر خراپتر لە ئێستا دەبوو.

"قوربانی" ئاماژەی بەوەش کردووە، بەپێی حەشیمەتی قوتابییانی ئەم پارێزگایە کە زیاتر کە ٣٠٠ هەزار کەسن، لەگەڵ کەمیی ١٦٠٠ مامۆستا لەم پارێزگایەدا بەرەوڕوون.

ناوبراو وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە مامۆستایان ڕۆڵی گرینگ و کاریگەریان لە پەروەردەی قوتابییاندا هەیە، باسی لەوە کردووە کە پەروەردەی خودی مامۆستایانیش پێویستی بە خزمەتگوزاری و بەستێنی پێویست هەیە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە دابینکردنی پێداویستییەکانی قوتابخانەکان کەمتەرخەمن و بەگشتی قوتابخانەکانی ئێران لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی دیاریکراو وەک نەبوونی مامۆستا، نەبوونی پێداویستییەکانی خوێندن، دواکەتنی مووچەی مامۆستایان، نەبوونی کەرەستەی گەرمکەرەوەی ستاندارد، نەبوونی بینای گونجاو و ڕووخاو و بە دەیان کێشەی دیکە بەرەوڕوون.