کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی ئۆکراینی لە نزیک تاران؛ زیاتر لە ١٧٠ کەس گیانیان لەدەست دا

11:21 - 18 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: فڕۆکەیەکی ئۆکراینی لە جۆری "بوینگ ٧٣٧"، پاش بەرزبوونەوەی لە فڕۆکەخانەی ''خومەینی'' لە تاران، بەهۆی کێشەی تەکنیكییەوە کەوتووەتە خوارەوە و زیاتر لە ١٧٠ کەس گیانیان لەدەست داوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی بەفرانبار، فڕۆکەیەک لە جۆری "بوئینگ ٧٣٧"، سەر بە هێڵی ئاسمانیی ئۆکراین، پاش بەرزبوونەوەی لە فڕۆکەخانەی خومەینی، بەهۆی کێشەی تەکنیكییەوە کەوتووەتە خوارەوە.

ئەم فڕۆکەیە بە نزیکەی ١٨٠ سەرنشینەوە،  لە تارانەوە بەرەو "کییەف" ڕۆیشتووە، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم لە جێهێشتنی فڕۆکەخانەی خومەینی لە تاران، لە نزیک شاری پەرەند کەوتووەتە خوارەوە.

ئەم فڕۆکەیە ١٦٧ موسافر و ٩ میوانداری تێدا بووە کە زیاتر لە ١٤٠ کەس لە سەرنشینەکانی خەڵکی ئێرانن.

لەو ڕووداوەدا ژمارەیەک هاووڵاتیی کوردی خەڵکی  مەهاباد بە ناوەکانی: " فاتمە پەساوەند، عایشە پوور قادری، ئەوین ئەرسەلانی، هیوا مەولانی، کوردیا مەولانی'' و  هەروەها  هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز بە ناوی "ڕزگار ڕەحیمی"، گیانیان لەدەست داوە.

 بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ئەم فڕۆکەیە دوای جێهشتنی فڕۆکەخانەکە بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە کەوتووەتە خوارەوە.

''پیرحوسێن کولیوەند''، وتەبێژی فریاکەوتنی ئێران ڕاگەیاندبوو کە ئاگرەکە بە ڕادەیەک زۆر بووە کە دەرفەتی فریاکەوتنی نەدەدا.

هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژنامەی بریتانیایی ''دیلی میل'' لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە ئەم فڕۆکەیە تووشی ئاگرکەوتنەوە بووە و بە ئەگەری زۆرەوە وێدەچێت مووشکی بەرکەوتووە و کەوتووەتە خوارەوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە کەوتنەوە خوارەوەی ئەم فڕۆکەیە هاوکاتە لەگەڵ هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر دوو پایگای هێزەکانی ئامریکا لە هەولێر و بەغدا.