کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەڵکاژۆی بەرپرسانی ڕێژیم لە کێشەی قەرەباغ

17:57 - 11 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە جێگای خەمخواردن و یارمەتی بە خەڵکی ئێران، لەبیری خەڵکی وڵاتانی دیکە دان.

پێشنوێژی هەینی شاری بیجاڕ سەر بە پارێزگای سنه لەبارەی کێشەکانی خەڵکی قەرەباغ باسی لەوە کردووە، خەڵکی قەرەباغ ساڵانێکە لەژێر ئازار و ئەشکەنجە دان و وڵاتانی ئیسلامی دەبێ بەنیسبەت دۆخی ئەو ناوچەیە هەڵویست بگرن.

ئەو کاربەدەستە مەزهەبییەی ڕێژیمی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا گوتویەتی، دەزگای دیپلۆماسیی ڕێژیمی ئێران نابێت بە نیسبەت زوڵم به شیعەکانی قەرەباغ بێدەنگ بێت.

"محەممەدی" پێشنوێژی هەینی شاری بیجاڕ جەختی کردووەتەوە کە خەڵکی قەرەباغ لەبەر ئیسلامیبوونیان لەژێر ئازار و ئەشکەنجە دان و دەبێت هاوکارییان بکەین.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران ئیدعای ئەوە دەکەن کە قەرەباغ‌ خاکی ئیسلامە و ئێمەش دەبێ پشتیوانی لێ بکەین.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نییەتی لە هاوکاریی خەڵکی قەرەباغ نییە و تەنیا دەیهەوێت دەستێوەردانەکانی خۆی بە ناوی ئیسلام و دین لە ناوچەدا پەرە پێدات و ئیدئۆلۆژیی شیعەگەریی خۆی بڵاو بکاتەوە.

کارناسانی سیاسی لەوەباوەڕدان کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەیهەوێت لە ڕێگای مەزهەبەوە، مەسەلەی قەرەباغ کە لە بنەڕەتدا هیچ پێوەندیی بە ئێرانەوە نییە، دەیهەوێ خۆی وەک ئەکتەرێکی سیاسی لە ناوچەدا پیشان بدات.

کێشەی کۆماری ئازەربایجان و ئەرمنستان لەسەر ناوەچەی قەرەباغ ساڵی ١٩٨٨ی زایینی دەستی پێکرد و ساڵی ١٩٩١ی زایینی شەڕی نیزامیی لێکەوتەوە. لە ئاکامی ئەو شەڕەدا هێزە نیزامییەکانی ئەرمنستان لە قەرەباغ و حەوت شاری دیکەی دەورووبەی جێگیر بوون.

هەتا ئیستاش کێشەی قەرەباغ وەک خۆی ماوەتەوە.