کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەیهان کەلهوڕ خەڵاتی جیهانیی ''وومەکس''‌ـی بەدەست هێنا

14:04 - 18 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: هونەرمەندی ناوداری کورد، "کەیهان کەلهوڕ" ئاهەنگساز و ژەنیاری کەمانچە و سێ تار، خەڵاتی جیهانیی موزیکی ''وومەکس''ـی  بەدەست هینا.

نۆزدەهەمین خەڵاتی جیهانیی "وومەکەس"، پێشکەشی کەیهان کەلهوڕ ئاهەنگساز و ژەنیاری کەمانچە کرا.

بەڕێوەبەرانی ئەو پرۆگرامە هۆکاری پێبەخشینێ ئەو خەڵاتەیان سەرسامبوون و لێوەشاوەیی، هەروەها بەدیهێنانی زمانی نوێ لە موسیقای سوننەتی هێناوەتە هەژمار.

خەڵاتی وومکس کە وەکوو خەلاتێکی جیهانیی موزیکی ئێکسپۆ دەناسرێت، لە ساڵی ١٩٩٩ دامەزراوە و هەموو ساڵێک هاوکات لەگەڵ ڕووداوی وومەکس دەدرێت بە یەک کەس کە شایانی ئەو خەڵاتەیە.

کەیهان کەلهوڕ ٢٥ى نۆڤەمبەرى ١٩٦٣ لە شاری شائاباد لە پارێزگاى کرماشان لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەدایکبووە.

لە تەمەنى ٥ ساڵیەوە دەستى بە فێربوونى کارى مۆسیقاکردووە. لە ١٢ ساڵیدا بەشێوەیەکى شارەزایانە درێژەى بەکارى مۆسیقاداوە و لە ١٣ ساڵیدا بووەتە ئەندامى ئۆرکێسترای ڕادیۆ و تەلەفزیۆنى حکومەتى ئێران لە کرماشان.

لە تەمەنى ١٧ ساڵیدا چووەتە ئیتاڵیا و دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕۆیشتووەتە کاناد.

کەلهوڕ بەشى ئاوازدانانى لە زانکۆى کارلتۆنی ئۆتاوا تەواو کردووە.

لە کاتى شەڕی نێوان ئێران و عێراق (١٩٨٠ - ١٩٨٨) مووشەکێک بەر ماڵەکەیان کەوتووە و هەموو ئەندامانى خێزانەکەى لە دەستداوە.

ئامێرى تایبەتى مۆسیقایى کەیهان کەلهوڕ، کەمانچە (جۆزە)یە و لەپاڵ کەمانچەدا تەنبور و سێتار و شاکەمانیش دەژەنێت.

کەیهان کەلهوڕ لە بەردەوامیى کارە هونەرییەکانیدا لەگەڵ هونەرمەندانى گەلانى ئەمریکا، چین، تورکیه، هێندستان، هۆڵەندا کارى هونەریى هاوبەشى ئەنجام داوە و ئەوەش کردوویەتی بە کەسایەتییەکى هونەریى جیهانی.

بەشێک لەکارە هونەرییەکانى کەیهان کەلهوڕ لەگەڵ شوجاعەت حسێن خان (غەزەل) لە هێندستان، کرۆنۆس کوارتت (ڕێگاى ئاوریشم)، یویوما و ژائۆ ژیپینگ لە (چین)، ئۆرکێستراى فیلارمۆنیک نیویۆرک، عالیم قاسمۆف لە کۆمارى ئازەربایجان، برۆکلین ڕایدەر لە ئەمریکا، ڕامبراندت تریۆ (تیپى مۆسیقاى هۆڵەندی)، شەهرام نازری، تیپى دەستان، ئەرداڵ ئەرزنجان (باکووری کوردستان و تورکیا) محەمەد ڕەزا شەجەریان، حسێن عەلیزادە و عەلى ئەکبەر مورادی بووە.

کەیهان کەلهوڕ لەو بڕوایە دایە "مۆسیقار، مۆسیقاژەن و شارەزاى مۆسیقا دەبێت شارەزای بیرکاری، مێژوو و ئەدەبیات بێت".

کەیهان کەلهوڕ هەتا ئێستا چەندین خەڵاتى جۆراجۆرى هونەریى بۆ ئەنجامدانى کارە هونەرییەکانى لە ناوەندە هونەرییە جیهانییەکانەوە بە دەستهێناوە.