کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەیهان کەلهوڕ خەڵاتی جیهانیی ''وومەکسـ''‌ـی بەدەست هێنا

17:25 - 5 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: هونەرمەندی ناوداری کورد "کەیهان کەلهوڕ"، ئاهەنگساز و ژەنیاری کەمانچە و سێ تار، خەڵاتی جیهانیی موزیکی ''وومەکسـ''ـی  ٢٠١٩ی بەدەست هێنا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٥ی خەزەڵوەر، "کەیهان کەلهوڕ"، ئاهەنگساز و ژەنیاری کەمانچە و سێ تار، لە ڕێوەڕەسمێکدا لە وڵاتی ''فەنلاند''، خەڵاتی ساڵی ٢٠١٩ی ''وومکسـ''ـی پێ بەخشرا.

"کەیهان کەلهوڕ" و ''ئەرداڵ ئەرزەنجان''، هونەرمەندی کوردستانی باکوور، لە ڕێوەڕەسمی ئەمڕۆدا، پێکەوە بەرنامەیەکیان پێشکەش کرد.

ماڵپەڕی ''وومەکس''، هۆکاری پێبەخشینی ئەو خەڵاتەیان، سەرسامبوون و لێوەشاوەیی، هەروەها بەدیهێنانی زمانی نوێ لە مۆسیقای سوننەتی، هێناوەتە هەژمار.

"کەلهوڕ" لە بیستەمین ساڵیادی دامەزرانی ''وومەکس'' لە فەنلاند، ئەم خەڵاتەی بەدەست هێنا.

خەڵاتی "وومەکس" کە وەکوو خەڵاتێکی جیهانیی موزیکی "ئێکسپۆ" دەناسرێت، لە ساڵی ١٩٩٩دا دامەزراوە و هەموو ساڵێک هاوکات لەگەڵ ڕووداوی "وومەکس"، بە یەک کەس کە شایانی ئەو خەڵاتەیە، دەبەخشرێت.

"کەیهان کەلهوڕ" لە ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی لە شاری شائاباد لە پارێزگاى کرماشانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەدایک بووە.

لە تەمەنى ٥ ساڵەییەوە دەستى بە فێربوونى کارى مۆسیقا کردووە. لە ١٢ ساڵیدا بە شێوەیەکى شارەزایانە درێژەى بە کارى مۆسیقا داوە.

"کەلهوڕ" لە ڕێکەوتی ١٨ی گەلاوێژی ١٣٩٨دا، وەکوو باشترین ئاهەنگساز و ژەنیاری کەمانچە لە ساڵی ٢٠١٩دا هەڵبژێردرابوو.

"کەیهان کەلهوڕ" هەتا ئێستا چەندین خەڵاتى جۆراجۆرى هونەریى بۆ ئەنجامدانى کارە هونەرییەکانى لە ناوەندە هونەرییە جیهانییەکاندا بەدەست هێناوە.