کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەیهان کەلهوڕ خەڵاتی هونەرمەندی ساڵی ٢٠٢٠ی پێ بەخشرا

12:04 - 26 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: هونەرمەندێکی کورد خەڵاتی هونەرمەندی ساڵی فێستیڤاڵی "گلۆباڵ فەستـ"ـی پێ بەخشرا و شانازییەکی دیکەی بۆ نەتەوە کورد بەدەست هێنا.

"کەیهان کەلهوڕ"، ژەنیاری "سێ تار" و "کەمانچە" و ئاهەنگسازی کوردی خەڵکی کرماشان، لەلایەن فێستیڤاڵی "گلۆباڵ فەستـ"ـەوە، بوو بە خاوەن خەڵاتی هونەرمەندی ساڵی ٢٠٢٠.

فێستیڤاڵی "گلۆباڵ فەست"، خەڵاتی جیهانیی خۆی لە بەشی هونەرمەندی ساڵدا بە "کەیهان کەلهوڕ"، لە بەشی کاریگەری داناندا بە "تام ئێشنابێل" و لە بەشی کاری سازێنەر بە "لیزا ئێستافۆرد"، بەخشیوە.

ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی ئەو خەڵاتە، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی بەفرانبار، بەبێ حوزووری "کەیهان کەلهوڕ"، لە ڕێوڕەسمێکدا لە نیۆیۆرک بەڕێوە چوو.

هەروەها دەقێک لە زاری بەڕێوەبەرانی ئەو خەڵاتە جیهانییەوە، لە لاپەڕەی ئینستاگرامیی "کەیهان کەلهوڕ" دانراوە و نووسراوە: "ئێمە شانازی دەکەین کە  لە فێستیڤاڵی جیهانیی فەست ٢٠٢٠، ڕێزمان لە سێ هونەرمەندی بەرز لە فێستیڤاڵی جیهانیی فەست ٢٠٢٠دا گرتووە؛ کەیهان کەلهوڕ، تام ئێشنابێل و لیزا ئێستافۆرد! بەهۆی بەشداریی تایبەت و بەرچاو و ورەبەخشتان لە بواری هونەریدا سپاستان دەکەین".    

ئەو هونەرمەندە کوردە هەروەها لە ساڵی ٢٠١٩دا بوو بە براوەی ١٩یەمین خەڵاتی جیهانیی هونەرمەندی ساڵی "وۆمێکس" و لە ساڵی ٢٠١٧دا لەگەڵ گرووپی ڕێگای ئەوریشم بوو بە براوەی خەڵاتی "گێرەمی".