کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەیهان کەلهۆڕ لە ڕیزبەندی بیست هونەرمەندی بەناوبانگی جیهاندا جێی گرت

10:40 - 12 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: کەیهان کەلهۆڕ هونەرمەندی ناودار و پێگەداری کورد، لەلایەن گۆڤارێکی جیهانییەوە لە ڕیزبەندی بیست هونەرمەندی بەناوبانگی جیهاندا ناوی تۆمار کرا.

گۆڤاری "سانگ لاینز"ـی بریتانیا کە گۆڤارێکی تایبەت بە مۆسیقایە، بەبۆنەی بیستەمین ساڵڕۆژی بڵاوبوونەوەی یەکەم ژمارەی ئەو گۆڤارە، لە ڕاپۆرتێکدا ناوی بیست هونەرمەندی بەناوبانگی جیهانی بڵاوی کردووەتەوە کە ناوی کەیهان کەلهۆڕ، هونەرمەندی ناوداری کوردیش لە ڕیزبەندی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە.

ئەم گۆڤارە پێشتریش چەندین جار شڕۆڤە و ڕاپۆرتی لە سەر بەرهەم و هونەر و چالاکییەکانی هونەرمەند کەیهان کەلهوڕ وەکوو یەکێک لە بەناوبانگترین هونەرمەندەکانی جیهان، بڵاو کردووەتەوە.

کەیهان کەلهۆڕ، ژەنیاری کەمانچە و ئاهەنگسازی بەناوبانگ و بەتوانای کورد، لە دایکبووی ۳ی سەرماوەزی ۱۳٤۲ی هەتاوی، خەڵکی شاری شائاباد لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی وڵاتی کانادایە.

ئەو هونەرمەندە ناودارە کوردە، تاکوو ئێستە دوو خەڵاتی بەناوبانگی جیهانی بەدەست هێناوە، لە ڕۆژی ۱۰ی خەرمانانی ئەمساڵدا خەڵاتی نێۆنەتەوەیی "Human spirt (ڕۆحی مرۆڤ)"ـی مۆسیقا لە کێبڕکێی جیهانیی "ئیزک ئشترن" و لە ساڵی ۱۳۹۵ی هەتاوی لەگەڵ گرووپی "ڕێگای ئاوریشم" بەبۆنەی ئالبۆمی "sing me home"، وەکوو باشترین ژەنیار هەڵبژێردرا و  خەڵاتی نێونەتەوەیی "Grammy Awards"ـی، بەدەست هێناوە.