کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"کەیهانـ"ـی تاران لەسەر هێرشکردنە سەر ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە

11:07 - 16 سەرماوەز 2720

ڕۆژنامەی "کەیهان" کە بڵاوکراوەی فەرمیی نووسینگەی عەلی خامنەییە بڵاوی کردووەتەوە: "نابێ وەدرەنگی بخەین و دەبێ کارێک ئەنجام بدەین. هەندێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان بەنیسبەت تۆڵەی ئێران لە کاتی گونجاودا هەڵە تێگەیشتوون و وا دەزانن ئێران هیچ کارێک ناکات".

لە بەشێکی ئەو وتارەدا هاتووە: "ئەگەر ئێران گورزێکی کوشندە لە ئیسرائیل بدات، بەو مانایەیە کە هیچ پایگایەکی ئامریکا ئەمنییەتی نییە. چونکە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئیسرائیل ئیتر ئەمنییەتی ناوگانی پێنجەم لە بەحرەین و پایگاکانی ئامریکا لە ئیمارات مانای نابێت".

لەو وتارەدا بەردەوام جەخت کراوەتە کە دەبێ هێرش بکرێتە سەر ئیسرائیل هەتا ئێران دیسانەوە وەک "هێزی یەکەم" لە ناوچەدا ئەژمار بکرێت.

هەر لەو وتارەدا هاتووە: "هێرشی بەهێزی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل شەپۆلێکی بەهێز لە جیهانی ئیسلامی و وڵاتانی عەرەبیدا دروست دەکات کە ئەو هێزە نە بە ئامریکا و نە بە وڵاتانی عەرەبی کۆنترۆڵ ناکرێت".

یەکەم جار نییە کە ڕۆژنامەی "کەیهان" باس لە هێرش و تۆڵە لە وڵاتانی ناوچەکە یەک لەوانە ئیسرائیل دەکات. سیاسەتی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت ئیسرائیل ئەوەیە کە ئەو وڵاتە لە گۆی زەوی بسڕێتەوە.