کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەیهانی ڕێژیم: ئێران دەبێت لە ڕیشەی بەرژەوەندییەکانی دوژمن بدات

12:16 - 24 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕوژنامەی کەیهانی تاران، سەربە ڕێژیمی ئێران، له وتارێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە ڕێژیمی ئێران دەبێت لە شەڕی ئابوورریدا لەگەڵ ئامریکادا لە ڕیشەی بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە بدات، کە چاڵە نەوتییەکانی عەرەبستان و ئیماراتە.

ڕۆژنامەی کەیهانی تاران، لە نوێترین ژمارەی خۆیدا لە وتارێکدا بڵاوی کردووەتەوە، ڕێژیمی ئێران ساڵانێکە لەگەل ئامریکادا تووشی شەڕێکی قورسی ئابووری بووە و هەتا ئێستاش لەو شەڕەدا ڕێژیم تەنیا قوربانی بووە، بۆیە پێویستە لەمەوبەدوا کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ بنەمایەک لە ڕیشەی ئابووریی دوژمن بدات و ڕیشەی ئابووریی ئەو دوژمنەش چاڵە نەوتەکانی عەرەبستانی سعوودی و ئیماراتە.

لە بەشێکی ئەو وتارەی کەیهانی ڕێژیم، کە لەژێر ناوی "چۆن شەڕی ئابووریی دوژمن ڕابگرین، (چگونە جنگ اقتصادی دشمن را متوقف کنیم)"، هاتووە: "ئامریکا بە دوای بەردەوامی شەڕ لەگەڵ ئێمەدایە (واتە ئێران)... لە شەڕی ئابووریی دوژمندا ڕێگاچارەی ئێمە تەنیا گورزوەشاندن لەو دوژمنەیە کە لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانیدا، ڕووبەڕووی ئێمە گاردی شەڕی گرتووە.

لە بەشێکی تری ئەو بابەتەدا کە وەکوو لێدانەوەی ئەو ڕۆژنامەیە دەشۆبهێندرێت، هاتووە: ئامریکا بەردەوام هەڕەشەی سەربازیی لە ئێران دەکات و ئێمە لەژێر هەڕەشەی هێرشی ئەو وڵاتەدا نین، نابێت گومانیشمان لەوە هەبێت، ئێمە لە هەوڵی هێوەرکردن و کەمترکردنەوە ئاڵۆزی و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا نین، چونکە ئەو ئاڵۆزییانە بوونێکی دەرەکییان نییە.

لە درێژەی ئەو بابەتەدا هاتووە: ڕێکاری ڕێژیمی ئێران ئەوەیە، بە ڕادەی هەر تێچوویەکی ڕێژیمی ئێران لەو شەڕە ئابوورییەدا کە بەهای داوە، زەربە و گوزری قورس لە بەرژەوەندییەکانی ئامریکا بوەشێنێت.

ئەم وتارە لە کەیهانی ڕێژیم لە کاتێکدا بڵاو بووەتەوە، کە پێشتر بەرپرسانی ئامریکا، بە توندی هەڕەشەیان لە ڕێژیمی ئێران کردبوو کە لە ئەگەری هەر جۆرە مەترسییەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئامریکا لە ناوچەکە و جیهاندا لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ئامریکا هەڵویستی توند بەرانبەر بە ڕێژیم دەگرێتە پێش.