کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گاردیەن: تەقینەوەی کارخانەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێسفەهان پەیوەندیدارە بە هەڕەشەکانی ئیسرائیلەوە

17:39 - 3 جۆزەردان 2721

ڕۆژنامەی "گاردیەنـ"ـی بریتانیا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، ڕووداوی تەقینەوەی ڕۆژی یەکشەممە لە کارخانەی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "هێسا" لە "شاهین شار"ی ئیسفەهان پەیوەندییان لەگەڵ هەڕەشەکانی ئەم دواییانەی ئیسراییل هەیە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، چەند ڕۆژ پاش ئەوەی کە ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە گرووپی حەماس لە "غەزە"دا داوە، کارخانەی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "هێسا" لە ئیسفەهان تووشی تەقینەوەیەکی گەورە بوو و ٩ کەس بەهۆیەوە بریندار بوون.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت هۆکاری ئەو تەقینەوەیەوە زانیارییەکی بڵاو نەکردوەتەوە، بەڵام پێشتر ئیسرائیل هەڕەشەی کردبوو کە هەوڵی تۆڵەکارانە ئەنجام دەدات.

"بنیامین نتانیاهۆ"، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی بانەمەڕ، ڕایگەیاندبوو کە ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی هەمەلایەنە پشتیوانیی "جیهادی ئیسلامی" و "حەماس" و "حیزبوڵڵا" دەکات.