کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گازی مایعیش گران بوو

18:02 - 7 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: نرخی سووتەمەنیی گازی مایع لە ئێراندا زیاد بووە و خەڵک بۆ دابینکردنی ئەم سووتەمەنییە دەبێ ٣ تا ٤ کاتژمێر کات تەرخان بکەن.

دوابەدوای گرانبوونی نرخی بێنزین خەڵک پەنایان بۆ گازی LPG بردووە کە ئەو سووتەمەنییەش بە ئاسانی دابین ناکرێ.

گرتەیەکی ڤیدیۆیی نیشان دەدات کە بە پێچەوانەی وتەی ڕێژیم کە ئەم سووتەمەنییە زۆرە و بە ئاسانی دەست دەکەوێ، ژمارەیەکی بەرچاو لە شۆفێران، ماشینەکانیان بۆ وەرگرتنی ئەم گازە ڕیز کردووە.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە پێشتر نرخی لیترێکی ئەم گازە، ٤٠٠ تمەن بووە و مەخزەنێکی ٦٠ لیتری بە ٢٤ هەزار تمەن پڕ کراوە، بەڵام ئێستا بووەتە لیترێک ٨٠٠ تمەن و مەخزەنێکی ٨٠ لیتری بە ٤٨ هەزار تمەن پڕ دەکرێت.

پێشتر کەپسوولێکی ١١ کیلۆیی ، بە ١١ هەزار تمەن پڕ کراوەتەوە، بەڵام ئێستا سەرەڕای ئەوەیکە تەنیا ٨ کیلۆی تێئەکرێ، نرخەکەی بووەتە ٣٥ هەزار تمەنیش.

زۆربەی شۆفێران ڕایانگەیاندووە کە مانگی ڕابردوو ئاسانتر گازیان دەستکەوتووە و هەرزانتریش بووە بەڵام ئێستا نزیک بە ٣ تا ٤ کاتژمێر کات  بۆ سەفی گاز تەرخان دەکەن و هەندێ جاریش بە بێ دەسکەوت دەمێننەوە.

سەرەڕای گرانبوونی نرخی گاز و بێنزین، نرخی کەرەستەکانی دامەزراندی گازی " LPG" ـیش بۆ ماشینەکان ٣ تا ٤ بەرابەر هەڵکشانی بەخۆیەوە بینیوە.