کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گالووپ: کەمتر لە ٥٠ لەسەدی خەڵکی ئێران باوەڕیان بە ڕێژیم ماوە

11:30 - 13 خەزەڵوەر 2720

نوێترین ڕاپرسیی دامەزراوەی "گالووپ" دەریخستووە کە لەنێوان قەیرانی ئابووری و پەتای کۆرۆنادا کە ئێرانی کردووەتە ناوەندێک بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، باوەڕی خەڵک بە ڕێژیم گەیشتووەتە خوارەوەی ٥٠ لەسەدیش.

ڕوانینێکی گشتی بە ڕاپرسییەکانی "گالووپ" لە ڕابردوودا نیشان دەدات کە خەڵک لە ماوەی ساڵانی تێپەڕیودا هیچکات تا ئەو ڕێژەیە بە ڕێژیم بێباوەڕ نەبوونە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە ماڵپەڕی ئەو دامەزراوە جیهانییەدا بڵاو بووەتەوە، لە هەر ١٠ کەس لە خەڵکی ئێران ٤ کەسیان لەو باوەڕەدان کە ستانداردەکانی ژیان و بژێوییان لە بەراورد لەگەڵ ڕابردوودا دابەزیوە و ڕۆژ بۆ ڕۆژیش خراپتر دەبێت.

لە نوێترین ڕاپرسیی جیهانیی "گالوپ" کە لە هاوینی ئەمساڵدا بەڕێوە چووە، دەریخستووە تەنیا ٤٧ لەسەدی خەڵکی ئێران باوەڕیان بە ڕێژیمی ئێران هەیە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ٥٠ لەسەدی خەڵکی ئەو وڵاتە وتوویانە کە باوەڕیان بە ڕێژیم لەدەست داوە.

لەم نێوانەدا هاتنە سەر کاری ترامپ و هاتنە دەرەوەی ئامریکا لە ڕێکەوتنی بەرجام و گوشاری لانیزۆری، کاریگەرییەکی دیاری لەسەر بێباوەڕیی خەڵک بە ڕێژیم و گلەیی لە سیاسەتەکانی ئامریکا بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەو وڵاتەوە بووە.