کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گاڵتە کردنی وەزیری تەندروستی ڕێژیم بە بوومەلەرزە لێدراوان

12:03 - 8 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: وڵامی گاڵتەئامێزی وەزیری تەندروستی ڕێژیم بە منداڵێکی بوومەلەرزەلێدراو لە کاتی ناڕەزایەتی دەربڕین لە کێشەکانیان ئەوپەڕی کەمتەرخەمی لێپرسراوانی ڕێژیم و دژەگەلی بوونی ئەم ڕێژیمە دەخاتە ڕوو.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، حەسەن قازی‌زادە هاشمی، وەزیری تەندروستی و دەرمانی ڕێژیم، بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان، سەردانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی کرد، کە نەتەنیا هیچ قازانجێکی بۆ خەڵک نەبوو بەڵکوو بە گاڵتەکردن بێڕێزیشی بە لێقەوماوان کردووە.

لە چەندین گرتە ویدیوییدا کە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، خەڵکی لێقەوماوی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، لەمەڕ بارودۆخی نالەباری ژیانیان و نەبوونی نەخۆشخانە، پزیشک، دەوا و دەرمان و کەمتەرخەمییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم لەو بوارەدا ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن.

وەزیری تەندروستی ڕێژیم، لە چاوپێکەوتنەکاندا و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، نەتەنیا هیچ وڵامیکی ئەوتۆی نەبووە، بەڵکوو لە شێوەی وڵام دانەوەیشیدا گاڵتە بە داخوازییەکانی خەڵک دەکات و لە سەردانەکەی تەنیا کارێک کە کردوویەتی، ویزیت کردنی چەند نەخۆشێک بووە.

لە یەکێک لەو گرتە ویدیوییانەدا کە بڵاو بووەتەوە، منداڵێکی لێقەوماوی خەڵکی سەلاسی باوەجانی، لە بەرامبەر وەزیری تەندروستی ڕادەوەستێت و لەوپەڕی ئازایەتی بە ناڕەزایەتییەوە بەو بەرپرسەی ڕێژیم دەڵێ: ئەگەر توانێت ڕۆژێک لە ماڵەکەی ئێمەدا بژیت، ماڵی خۆمانت پێ دەدەین.

لە وڵامی ئەو منداڵەدا، حەسەن قازی‌زادە، لەو پەڕی بێشەرمیدا دەست دەکات بە گاڵتە کردن بەو منداڵە و شعور و کەسایەتی لێقەوماوان و بە گشتی خەڵکی کوردستان و بە پێکەنین خۆی لەو گوشارە دەرباز دەکات.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە کاتی ڕوودانی کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان، چەندین جار سەردانی ئەو ناوچانەیان کردووە، بەڵام هیچ کامیان هەتا ئێستا ئەو بەڵێنانەی کە داویانە جێبەجی نەکردووە و هەرکامە و بە چەشنێک لە شێوازی وڵام دانەوە و هەڵسوکەتیان لە چوارچێوەی سیاسەتە فاشیستییەکانیان بە دژی گەلی کورد، سووکایەتی بە لێقەوماوان دەکەن.

ماوەیەکیش تەنانەت بەرپرسان و ئاغازادەکان بە ڕۆیشتن بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان و گرتنی وێنەی سێلفی لەگەڵ لێقەوماوان و بینا خاپووربووەکان شاگەشکەیی خۆیان لەو کارەساتە کە بەسەر کورددا هاتبوو دەردەبڕی.