کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گاڵتە کردنەکانی یەک لە دوای یەکی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە نیسبەت گیانی خەڵک

11:32 - 29 بەفرانبار 2720

لە حاڵێکدا کە هەتا ئێستا زیاتر لە ١ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس لە ئێران و کوردستاندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە و ئەم نەخۆشییە لە جۆری نوێدا بە ناوی کۆڤید ٢٠ بە خێرایی لە حاڵی پەرەسەندندایە، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، هیچ ڕێگە چارەیەکیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم نەخۆشییە نەگەتووەتە بەر.

"فاتمە ڕەحمانی"، نوێنەری بەناو مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ئیدعای کردووە کە خەڵکی وڵاتی ئامریکا، واکسەنی دروستکراوی شیرکەتی "فایزێر"یان قەبووڵ نییە و نموونەگەلێک لە لێکەوتەکانی کوتانی ئەم واکسەنە لەنێو ئەو کەسانە کە ئەو واکسەنەیان کوتاوە بینراوەتەوە.

"فاتمە ڕەحمانی" هەروەها ئیدعای کردووە "ئەگەر واکسەنی "فایزێر" چاک بووایەت، بێگومان ئامریکا بە ئێمەی نەدەفرۆشت و بۆ خەڵکی وڵاتەکەی خۆی بەکاری دەهێنا".

ئەو بەناو نوێنەرەی مەجلیس لە ڕێژیمدا بە ئاماژەدان بە قسەکانی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، وتوویەتی: "نابێت ئیزن بدەین ئامریکا باقی وڵاتانی ڕۆژئاوایی، ئێران بکەنە شوێنی تاقیکاریی واکسەنەکانیان و بەرپرسانی ئێمە دەبێ تەندروستیی خەڵکی وڵاتەکی بپارێزێت".

پێشتریش،''حوسێن کەنعانیی موقەدەم'' سەرۆکی سیاسیی ''جبهەی ئیستادەگیـ''ـی ڕێژیم وتبووی: "ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە دروستکردنی بە ڕەواڵەت واکسەنی کۆرۆنا دەیانهەوێت GPS بخەنە نێو لەشی ئێمە  و کردار و هەڵسوکەوتی ئێمە کۆنترۆڵ بکەن".

"عەلی خامنەیی"، ڕێبەری ڕێژیم، حەوتووی ڕابردوو لە لێدوانێکی تێلێڤیزیۆنیدا کڕینی واکسەنی دروستکراوی بریتانیا و ئامریکای قەدەغە ڕاگەیاند. پاش قسەکانی خامنەیی، وتەبێژی مانگی سووری ئێران وتبووی کڕینی ١٥٠ هەزار واکسەنی شیرکەتی "فایزێر" کە لەلایەن خێرخوازانی دانیشتووی ئامریکا بڕیار بوو بۆمان بنێرن، هەڵوەشایەوە.

لەو پێوەندییەدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، بەنیسبەت بڕیاری خامنەیی لە بەیانییەیەکدا بڵاوی کردبووە، ئەم واکسەنە گیانی کەسەکان ڕزگار دەدات، قەدەغەکردن و نەکڕینی ئەو واکسەنە هەنگاوێکە لە ڕاستای سووککردنی مافی مرۆڤ کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران چەندین دەیەیە ئەنجامی دەدەن.