کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانبوونی ٢٠ لەسەدیی شەهرییەی زانکۆوەکان لە ساڵی ٩٨دا

12:36 - 10 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: وەزیری زانستی ڕێژیمی ئێران، باسی لە ئەگەری گرانبوونی ١٠ تا ٢٠ لەسەدیی شەهرییەی زانکۆوە نادەوڵەتییەکان کردووە.

مەنسوور غوڵامی، وەزیری زانستی رێژیمی ئێران، لە شەشەمین کۆنفڕانسی نەتەوەییی ڕاهێنان و گەشەپێدانی سەرمایە مرۆیییەکان، باسی لە گرانبوونی ٢٠ لەسەدیی شەهرییەی زانکۆوەکان لە ساڵی ٩٨دا کردووە.

لە پرێسکۆنفڕانسێکدا سەبارەت به رێژەی شەهرییەیەک کە خوێندکاران دەبێ بیدەن ڕایگەیاندووە: ڕێژەی شەهرییەکە لە لایەن هەیئەت ئۆمەناوە دیاری دەکرێت، بەڵام بەپێی ڕەوتی هەمیشەیی، ئەم پارەیە به ڕادەی ١٠ تا ٢٠ لەسەد و به شێوەی ساڵانە و به سەرنجدان به گۆڕینی تێچووەکان زیادی کردووە.

پێشتریش ڕێژەی گرانبوونی شەهرییەی زانکۆی پەیام نوور بۆ ساڵی نوێی خوێندن ١٥ تا ٢٠ لەسەد ڕاگەیەندرابوو.

هاوکات لەگەڵ گرانبوونی ساڵانەی شەهرییەی نەگۆڕی زانکۆوەکانی ئێران، شەهرییە بگۆڕەکانیش لەگەڵ گرانبوون ڕووبەڕوو دەبنەوە.

هەروەها شەهرییەی وانە کردەییەکانیش (واحدهای عملی) زیاتر دەبێتەوە. گرانبوونی شەهرییەی زانکۆوەکانی ئێران لە زۆربەی کاتدا دەبێتە هۆی دواکەوتن و وازهێنان لە خوێندن لە نێوان خوێندکارەکاندا، چونکه بەم دۆخە نالەبارە ئابوورییەوە تێچووەکانی ژیان ئەوەندە زیادیان کردووە، که ئیدی خوێندکاران توانایی دانی شەهرییە به زانکۆوەکانیان نەماوە.

لە هەندێ کاتیشدا نەدانی شەهرییە بێبەریبوونی خوێندکار لە تاقیکارییەکانی کۆتایی تێرمی لێ دەکەوێتەوە، که لە ئاکامدا خوێندکار دەبێ کاتێکی زیاتر تەنیا لەبەر نەبوونی پارە و گرانبوونی شەهرییەکان لە زانکۆوەکاندا تێپەڕ بکات، کە ئەمە چوونەسەرەوەی تەمەن و دووربوونەوە لە بازاڕی کاری بەدواوەیە، دواتریش تەواو کردنی خوێندن هیچ سوودێکی نابێت.