کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانبوونی گۆشت، ئاکامی چاوەدێری نەکردنی بەرپرسانە

12:01 - 7 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی کۆڕی نوێنەرانی پارێزگای سنه له مەجلیسی ڕێژیم به ئاماژه به بشێوی بازاڕی گۆشت لە پارێزگای سنەدا باسی لەوە کردووە که گرانی لە بازاڕی ئەم پارێزگایەدا بۆ نەبوونی چاوەدێری بەرپرسانی تەعزیرات و هەروەها بەرپرسانی پیشە، کانزا و بازرگانی دەگەڕیتەوە.

موحسین بیگلەری، بەرپرسی کۆڕی نوێنەرانی پارێزگای سنه له مەجلیسی ڕێژیم لە وتوێژێکدا لە گەڵ هەواڵدەریی حکوومەتی تەسنیم ئاماژەی به گرانیی گۆشت کردووە و وتوویەتی: بەداخەوە گرانی لە هەموو ئێراندا هەیە و هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی چاوەدێری لە لایەن بەرپرسانەوە دەگەڕێتەوە.

ناوبراو وێڕای ئاماژه به گرانی و بشێوی لە بازاڕی گۆشتدا وتوویەتی: لە پارێزگایەک وەکوو سنەدا که خۆی بەرهەمهێنەری گۆشتە و هیچ کەمایەسییەکی لەمبارەوە نییە دەبا نرخی گۆشت هەرزان بایە بەڵام نرخەکان لەگەڵ تاران و شارە گەورەکانی دیکەی ئێران بەرابەری دەکەن و هەندێ جار لەوەش زۆرترن کە ئەمە جێگای نیگەرانییە.

بیگلەری بە ڕەخنە لە بەرپرسان، ئەم گرانییەی بۆ نەبوونی چاوەدێری ئەوان گەڕاندووەتەوە و وتوویەتی: بەداخەوە چالاکیی بەرپرسان لاوازه، ئەوان پێیان وایه کاریان دەستبەسەرداگرتنی دوو دەزگا ئێڵ سی دییە لە حاڵیکدا که ئەبێ دووکان به دووکان چاوەدێری بە سەر نرخەکاندا بکەن.

ناوبراو لە قسەکانیدا ئاماژەی به بەرزبوونەوەی ڕێژەی قاچاخی مەڕوماڵات کرد و وتی: بەداخەوە ساڵانێکه هەندێ کەس خەریکی قاچاخی مەڕوماڵاتن و تێر نابن، لە حاڵێکدا که کەسانێک هەن مانگێ جارێکیش چاویان به گۆشت ناکەوێ.

هەر لەم پێوەندییەدا، کۆمپانیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران له هاوردەکردنی گۆشتدا تووشی کێشە بوونە و به هۆی گەمارۆکانی ئامریکاوە ناتوانن لە هەندێک لە بەندەرەکان وەک بەندەری ڕەجاییەوە، گۆشت هاوردە بکەن.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا نرخی گۆشتی سوور لە شارەکانی کوردستان بەردەوام ڕووی لە هەڵکشان کرد؛ ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەتا ئێستاش کاربەدەستانی ڕێژیم هیچ ڕێگایەکی گونجاویان بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی گرانی پێ نەبووە .

بەوتەی بەشێک لە قەسابەکان، کاربەدەستانی ڕێژیم لە ڕۆژانی ڕابردوودا زەختیان خستووەتە سەر قەسابەکان تاکوو بە هەرزانتر گۆشت بفرۆشن.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە عەقڵییەتی هەڕەشەو گوشار و بێدەنگکردن دەیهەوێت گرفتە سیاسی و ئابووری و فەرهەنگییەکانی وڵات چارەسەر بکات بۆیە بەهەمان بیرۆکەیشەوە ڕووبەڕووی خەڵکی کاسبکار و بازاڕی دەبێتەوە .