کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی باڵی بەسەر ئێراندا کێشاوە

11:24 - 23 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: گرانی لە بازاڕەکانی ئێراندا ڕۆژبەڕۆژ پەرە دەستێنێت و بەم بۆنەوە ڕێژەی هەژاری لەو وڵاتەدا ڕووی لە زیادبوونە.

سەرەڕای ئەوەی کە گرانی و هەڵاوسانی بەهای شتومەک و کەلوپەلەکان و نرخی پێداویستییەکانی ژیان لە بازاڕەکانی ئێراندا ڕۆژبەڕۆژ پەرە دەستێنێت، بەرپرس و ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم، جیا لەوەی کە هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەریی کێشەکان نادەن، بەڵکوو خۆیان بوونەتە سەرچاوەی سەرەکیی گرانیی بازاڕەکانی ئەو وڵاتەن و ڕۆژانە نرخەکان بەرەو زیاتربوون دەگۆڕن، بەم هۆکارەشەوە ئاماری هەژاری لە وڵاتی ئێراندا بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوونە.

لەم بارەوە، هەواڵدەریی "خانەی میللەت"، کە سەربە مەجلیسی ڕێژیمی ئێرانە، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە؛ لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا هێڵی هەژاری لە ئێراندا، لە ۱۲ لەسەدەوە گەیشتووەتە ۵۰ لەسەد و نیوەی لە خەڵکی ئێران بەتەواوەتی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و بەهای هێڵی هەژاری گەیشتووەتە ۶ میلیۆن تمەن، بەڵام بەو حاڵەشەوە ڕۆژبەڕۆژ بەهای پێداویستییەکانی ژیان و نرخی بازاڕەکان، ڕوولە هەڵکشانێکی بەرچاو و خێرایە.

لەم پەیوەندەییەدا، پاش گرانبوون و جیرەبەندیکردنی بەنزین لە ئێراندا، بەهای کرێ تاکسییەکان لەو وڵاتە و بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە و بەرپرسانی ڕێژیمیش بە بیانووی ئەوەی کە، خەڵک بە ڕوانگەی پاڵپشتیکردنی شۆفێر تاکسییەکان بڕواننە دۆخەکە، پاساو بۆ گرانبوونی کرێ تاکسی دێنننەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ۲۲ی بانەمەڕ، محەمەد حەزرەتپوور، سەرۆکی شارەوانیی شاری ورمێ، لەم بارەوە، ڕایگەیاند: "بەپێی لێکۆڵینەوە کارناسییەکان، نرخی کرێ تاکسی تەنیا ۲۰ لەسەد گران دەبێت، بەڵام بەپێی ئەوەی کە بارودۆخی ماڵی و دارایی شۆفێر تاکسییەکان نالەبار و خراپە، بە تەماین ۳٤ لەسەد کرێ تاکسییەکان گرانتر بکەین و داوایش لە خەڵک دەکەین، کە بە ڕوانگەی پاڵپشتیکردنی شۆفێر تاکسییەکان بڕواننە ئەو دۆخە".

هەروەها، لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی ڕابردوودا، هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم چەندین جار ڕایگەیاندووە، کە نرخی گازی ‌cng و بەنزین لە ئێراندا ڕوویان لە هەڵکشانە و هاوکاتیش بەنزین لە سەرتاسەری ئێراندا جیرەبەندی دەکرێت.