کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی بووەتە بەڵای گیانی هەموو چینەکانی کۆمەڵگە

13:09 - 6 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: هەڵکشانی بەردەوامی نرخی کەلوپەل و پیداویستییەکانی خەڵک، هەموو چین و توێژەکانی لە ئێراندا خستووەتە ژێر کاریگەری خۆی و تەنگی پێ هەڵچنیون.

هەواڵدەریی حکومەتی ئیسنا لە هەواڵێکدا ئاشکرای کردووە چوونەسەری نرخی کەلوپەلی نێو ماڵ خەڵکی هان داوە کە ڕوو لە کڕینی شمەکی کۆن و دەستی دووهەم بکەن کە بەوتەی سەرۆکی یەکیەتی سێمساران هەنووکە هیچ جنسێک ناگاتە دەستیان تاکوو بیانهەوێ بەناوی دەستی دووهەم بیفرۆشن.

هەواڵدەریی تەسنیمیش بڵاوی کردۆتەوە نرخی "سەمعەک" سنووری ٨ میلیۆن تمەنی بەزاندووە و بەم پێیەش ئەو کەسانەی کەڵک لەم ئامێرە وەردەگرن لەگەڵ کێشەی جیددی بەرەوڕوو کردووە و تەنانەت هەندێک لە فرۆشیارانی ئەم ئامێرەی هان داوە تاکوو "ئیحتکار"ی بکەن؛ مەسەلەی سەرنجڕاکێش لەم نێوانەدا ئەوەیە کە کاتێک ڕۆژنامەی "قانون" بەدواداچوونی بۆ ئەم هەواڵە کردووە بەرپرسانی پێوەندیدار وتوویانە:" بڕواتان بێ هەرچەند کەمتر ببیستن بە قازانجی خۆتانە!!"

بەڕێوەبەریی گشتیی کۆمەڵەی سینفی هۆتێلدارانی ئەردەبیلیش وتوویەتی: سەنعەتی هۆتێلداری ئێران بەرەو مایەپووچ بوون دەڕوات کە هۆکارەکەشی بۆ درووست بوونی نەیارێک بەناوی "دەوڵەت" گەڕاندۆتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە نوێنەری کامیۆندارە مانگرتووەکانی پارێزگای فارس وتوویەتی: ماوەی دوو مانگە هیچ لاستیکێک لە بازاڕدا بوونی نەماوە و هەنووکە کەمی ٥٠ هەزار لاستیکمان هەیە، بەڵام لەبەرامبەردا بەڕێوەبەریی ڕاگواستنی پارێزگای فارس وتوویەتی: شڵەژانی ئەرزمان هەیە و شۆفێرەکان دەبێ بەتاقەت بن!

ئەم دۆخە بۆ خوێندکارانی زانکۆش زۆر تاقەتپڕووکێنە؛ سەرۆکی یەکیەتیی زانکۆکان و دامەزراوە فێرکارییە باڵا نادەوڵەتییەکانیش بە ئیرنای وتووە: نرخی فیشی خواردنی خوێندکاران لەم تێرمەدا ٢٠% زیاد دەبێت!

تەنانەت ئەم دۆخە وەهای لێهاتووە کە بەپێی گرتەڤیدیۆییەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە هێرەڵماسی فرۆشێک  بەرهەمەکەی بە خۆڵەوە دەفرۆشێ و ڕوو لە کڕیارەکەی دەڵێ دەتهەوێ بە خۆڵەوە پێت دەفرۆشم ناتهەوێ سەرچاوم!!!!!