کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی بەرۆکی نانەواکانیشی گرتەوە

11:28 - 13 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: گرانی و هەڵاوسان لە ئێراندا ئاستێکی قەیرانی تێپەڕ کردووە و  خەڵک بۆ بژیوی ژیان  لە دۆخێکی دژوار دانه.

بەپێی  ڕاپۆرتی هەندێک سەرچاوەی ئاگادار، نانەواکان لە کوردستان و ئێراندا،  بە جێگای ئەوەی کە نان بکەن و بیفرۆشن، خاوەن نانەواکان ئاردەکە دەفرۆشنەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە باسی لەوە کرد: "بۆ دابینکردنی نانی لەواش سەردانی چەندین نانەوایم کرد، بەڵام زیاتری نانەواکان داخرابوون، خاوەن نانەواکانیش وتوویانە فەردەی ئارد بووەتە ٨٠ هەزار تمەن، بۆیە ئیتر نانکردن قازانجی نەماوە".

بەرزبوونەوەی گرانیی کەلوپەل و خۆراک لە ئاستی ئێراندا بووەتە ڕۆژەڤی ژیانی خەڵک و ئەگەرچی بەرپرسانی ڕێژیمیش دان بە گرانی و دۆخی نالەباری ئابووریدا دەنێن، بەڵام ناتوانن هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریی ئەو کێشانە هەڵ بگرن.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران، لە نوێترین بڕیاری خۆیاندا بە نیسبەت گرانی و کۆنتڕۆڵی بازاڕی ئێران بڕیاران دا، کە شمەکە پێویستەکان بە شێوەی کۆپین بە خەڵک بدرێت.

بارودۆخی شپرزی ئێران لە ئاستێکدایە، کە تەنانەت پارێزەرانی ئەو ڕێژیمە، بەرجام و کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ڕێژیمیش دەبەنە ژێر پرسیار و مایەپووچبوونی ئەو ڕێژیمە بە نێوچاوانی بەدیهێنەرانی ئەو دۆخە دەدەنەوە.

کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە خۆیان دان بەوەدا دەنێن، کە بەرجام هیچ سوودێکی نەبووە و تەنیا دروشمێک بووە کە هەندێک لایەن بۆ مەبەستی سیاسیی خۆیان کەڵکیان لێ وەرگرتووە.