کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە

13:14 - 12 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: گرانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ژیان و گوزەرانی خەڵکی تووشی کێشە کردووە و کاربەدەستانی ڕێژیمیش هیچ هەوڵێک بۆ بنبڕکردن و تەنانەت کەمکردنەوەی کێشەکان نادەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە کوردستاندا گرانی تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە، نەشیاوی و گەندەڵیی کاربەدەستانی ڕێژیم و وڵامدەر نەبوون لە بەرانبەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئاسایی، بووەتە هۆی ڕق و بێزاری زیاتری خەڵک لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بەم بۆنەوە زۆربەی دووکانە کرێکراوەکان لەم نەورۆزدا چۆڵ کراون، چونکە ئیش و کارە بچووکەکان لەم گرانییەدا مەحکووم بە لەنێوچوونن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە ڕۆژهەڵاتدا، ڕایگەیاندووە: لە ماوەی چل ڕۆژی سەرەتای ساڵی نوێدا، بەردەوام نرخی کاڵاکان ڕووی لە هەڵکشانی زیاترە و هیچ کاڵایەک نرخەکەی بۆ ماوەی دە ڕۆژ جێگیر نابێت؛ چەند نرخی و کەمفرۆشی و ئەنبارکردن و هاوکات کەمبوون و هەندێ جار نەمانی شتوومەک و کاڵا پێویستەکان بۆ گوزەرانی خەڵک، کۆمەڵگا بەرەو دۆخێکی پڕ لە مەترسی دەبات .

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: نرخی ماکارۆنیی ٧٠٠ گرەمی ل ەڕۆژانی ڕابردوودا گران بووە و لە ٢٧٥٠ تمەنەوە گەیشتووەتە ٥٤٥٠ تمەن. هەر میوەیەک کە بە کەڵکی خواردن بێت نرخەکەی کەمتر لە ٦۰۰۰ تمەن نییە .هەر کیلۆ خورما لە نێوان۲۰ هەتا ٧٠ هەزار تمەندایە، شەکر لە بازاڕدا بە کەمی دەست دەکەوێت بە جۆرێک کە خاوەنی شیرینیخانە و ئەو کارگایانە کە ڕۆژانە شەکر بەکار دەهێنن لە بەر دەستنەکەوتنی شەکر ناچارن هەندێ ڕۆژ کارگەکانیان دابخەن. کەلوپەلی ماشین بەردەوام گرانتر دەبێت و ماشینەکان بەردەوام شڕتر و بێکەڵکتر دەبن و ناتوانی لە دابینکردنی کەرەستەکانی ماشین، ڕووداوە دڵتەزێنەکانی ناو جادەکانی لێ دەکەوێتەوە کە ڕۆژ و شەو ژیانی ئینسانەکان دەخاتە مەترسییەوە و گیانیان دەگرێت. شیرەمەنی، چایی وشک و میوە زیاتر لە ٣٠ لەسەد گران بوونە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا هەروەها باسی لەوە کردووە، کە ناسەقامگیری و هەڵکشانی نرخەکان خەڵکی ئاوارەی دەرەوەی سنوورەکانی ئێران کردووە. لە کوردستاندا بەشێکی بەرچاوی خەڵک ڕوویان لە بەندەرەکانی باشووری ئێران لەوانە، بەندەر گەناوە، خوڕەمشەهر، عەسەلویە و هتد، یان هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیە کردووە.

سەرمایە مادییەکانی بازاڕ لە شوێنی خۆیان نەماون و بە هۆی سەرگەردانی نەختینەیی و دابەزینی بەردەوامی بەهای تمەنی ئێرانی ، بازاڕی ئێران تووشی سەرلێشێواوی بووە. دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان بۆ زۆربەی خەڵک دژوارە . بەهای کاغەز بەردەوام گرانتر دەبێت، تەنانەت هەندێ لە دووکانەکان باس لە کەمبوونی کاغەز لە بازاڕدا دەکەن. دزیکردن و ماڵخواردن، سواڵکردن، شەڕکردن، تەڵاق، خۆکوژی و کێشە کۆمەڵایەتیەکانی دیکە بەردەوام زیاد دەکات.