کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی، خەڵکی وەزاڵە هێناوە

11:55 - 7 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: گرانی و هەڵکشانی نرخی خواردەمەنی و کەلوپەلەکان و هەڵاوسانی ئابووری، خەڵکی وەزاڵە هێناوە.

بە هۆی سیاسەتە نالێکەکانی ڕێژیمی ئیسلامی و کەمتەرخەمیی بەناو بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە بەنیسبەت دۆخی خەڵکی دانیشتووی ئێرانەوە، بەتایبەت کوردستانی ڕۆژهەڵات، نەبوونی دەرفەتی کار و هەژاری و چارەڕەشیی خەڵک، بووەتە هۆکارێک بۆ ناڕەزایەتیی لەڕادەبەدەری خەڵک بەرانبەر بەو دۆخە.

هاووڵاتییەکی خەڵکی ڕۆژهەڵات، سەبارەت بەو دۆخە نالەبارە کە بە سەر شارەکانی کوردستاندا زاڵە، بۆ هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ئاوا دواوە: "توانایی کڕینی کەلوپەل و خواردەمەنی لە لایەن خەڵکی ئێران و کوردستانەوە بەتایبەتی، بەڕادەیەکی زۆر بەرچاو دابەزیوە. بەهۆی قەیرانی ئابووری و گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، زەرەرمەندی سەرەکی، چینی هەژاری کۆمەڵگا و خەڵکی بێدەرەتانی ئێران و بە تایبەت کوردستانن".

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندەکان، ڕێژەی هەژاری لەوپەڕی خۆیدایە و لە پەنای هەر زبڵدانێکدا، منداڵێکی هەژار یان دایک و باوکێکی نەدار ڕاوەستاوە هەتا بژێویی ژیانی لەنێو ئەو زبڵدانانەدا بدۆزێتەوە. خەڵکی هەژار لە قەراغ ڕێگاکان و جێگای ڕشتنی زبڵەکاندا، بەدوای ناندا دەگەڕێن.

ڕووخانی ئابووریی وڵات و نەبوونی هەلی کار، بووەتە هۆی زیادبوونی سواڵکەری، دزی، لەشفرۆشی، دەربەدەری، خۆکوشتن و تەڵاق و سەدان دیاردەینەخوازراوی دیکە لە ئێران و کوردستاندا.

شارەکانی کوردستان لە نرخی هەڵاوسان و ڕێژەی بێکاری و ڕێژەی چارەڕەشی و زۆرێکی دیکە لەو ئامارانە کە پەیوەندیدارە بە ئابووریی کوردستانەوە، لە پلەکانی یەکەم تا سێهەمدان و ئەمەش نیشانەی وەپەراوێزکەوتنی کوردستان و سیاسەتێکی سیستماتیک بۆ هەرچی زیاتر چارەڕەشبوونی خەڵکە.