کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی لە بازاڕەکانی کوردستاندا کارگە و کارخانەکان بەرەو داخران دەبات

11:20 - 19 بەفرانبار 2720

کارخانەی سمیتی بۆکان لە هاوینەوە بەرهەمهێنانی سمیتی زۆر کەم کردووەتەوە و هەتا ڕادەیەک کەم بووەتەوە کە لە هەر حەوتوویەکدا تەنیا ٢ ماشین سمیت بە بنکەکانی فرۆشی سمیت لە بۆکان بە شێوەی پاکەتی و هەڵڕژاو دەدات.

بەپێی زانیارییەکان کەرەستەی بەرهەمهێنانی سمیت گران بووه یان بەهۆی گەمارۆکان دەست ناکەون. سەرەڕای ئەوەش لە نێوخۆ کێشەی سمیت هەیە کە هەناردەی وڵاتانی دیکە دەکرێت.

 ئەگەر ئەو دۆخە بەم چەشنە بڕواتە پێشەوە، لە بەهار و هاوینی داهاتوودا یەک کیسە سمیت له ٢٢ هەزار و ٥٠٠ تمه‌نەوە دەبێتە دوو بەرابەر.

لەلایەکی دیکەوە یەک دەنک فوومی بیناسازی بە ئەندازەی ٢ لە ٥٠ کە وەرزی بەهار ٢١ هەزار تمەن بوو ئێستا هەر ئەو فوومە بەو ئەندازەیە لە وەرزی زستاندا بووەتە ٧٠ هەزار تمەن.

شیش یان میڵگەرد لە دەسپێکی ساڵی ٢٧٢٠دا  لە ٥ هەزار و ٨٠٠ تمەن دەستی پێکرد. ئێستا لە وەرزی زستان کە کاری بیناسازی بە حاڵەتی نیوەداخراو دەرهاتووە هەر کیلۆ بووەتە ١٤ هەزار و ٥٠٠ تمەن.

یەک تۆن خیزی شۆراوە لە کارخانەکان ٢٠ هەزار تمەن بووه، ئێستا هەر تۆنێک خیز بووەتە ٨٠ هەزار تمەن.

برینجی هیندی لە بەهاردا فەردەیەکی ١٠ کیلۆیی بە ٧٢ هەزار تمەن بووە، ئێستا ٢٤٠ هەزار تمەنە. هەروەها کەلوپەلی وەک فاف، ڕیکا، سابوون و شامپۆ ٣٠ لەسەد گرانتر بووە.