کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی لە بازاڕەکانی ئێران لە مانگی ڕەمەزاندا زیاتر دەبێت

14:29 - 15 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: قەیرانی ئابووری و گرانی بەهای پێداویستییەکان لە بازاڕەکانی ئێراندا، لە مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵدا ڕووی هەڵکشانی زیاتر کردووە.

سەرەڕای سەرجەم قەیرانە نێوخۆیییەکانی ئێران و بەتایبەتی قەیران ئابووری و گرانبوونی بەهای شتومەکەکان لە بازاڕەکان و گوشارەکانی سەر خەڵکی ئەو وڵاتە و کەمتەرخەمیی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ خەڵکانی دانیشتووی ئێران مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ بەپێی ساڵانی ڕابردوو زۆر دژوارتر دەبێت و گوشارەکان لەسەر خەڵک بەربڵاوتر دەبێت.

بەها و نرخەکان لە بازاڕەکانی ئێراندا، لە مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ بەپێی بەروارد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوودا، زیاتر لە ٤۵ لەسەد گرانتر بوون و ڕۆژبەڕۆژ نرخەکان بەرەو سەرتر هەڵدەکشن و قەیرانە نێوخۆیییەکان زیاتر دەبێت و گوشارەکانیش تەنیا لەسەر خەڵکی هەژاری کۆمەڵگا دەبن، بۆیە ڕێژیمی ئێران هیچ بایەخێک بە گرانی و قەیران و گوشارەکانی سەر خەڵک نادات.

گرانبوونی بەهای خواردەمەنییەکان و بەتایبەت میوە لە بازاڕەکاندا بەپێی بەهای شتومەکەکانی تر زۆرتر ڕووی لە هەڵکشان کردووە و گوشاری گرانییەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە خەڵکی ئەو وڵاتە توانایی کڕینی شتومەک و خواردەمەنییەکانیان زۆر کەمتر بووەتەوە و ئەم گرانییانە لە ئاستێکدایە کە لە بازاڕەکانی ئێراندا بەهای کیلۆیەک تەماتە گەیشتووەتە ۱۲ هەزار تمەن، بەپێی بەراوەردەکان یارانەی هەر تاکێکی ئێران بە ڕادەی بەهای ۳ کیلۆ تەماتەیە.

وێڕای گرانییەکان و هاوکات چوونەسەرەوەی ئاماری بێکاری و نەبوونی هەلی کار لە سەرتاسەری ئێراندا، مووچەی کرێکارانیش نەبووە و مووچەی مانگانە هەر کرێکار لە ئاستێکدایە کە حەقدەستی ڕۆژانەی هەر کرێکارێک لە ئێراندا، تەنیا بەهای ۵ کیلۆ تەماتەیە، بەهای خورادەمەنییە پێویستەکان لە ئێراندا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بەپێی کاتژمێرەکان هەڵدەکشن و زیاد دەکەن، لەم بارەیەشەوە سەرەڕای هەڵکاشان و داکشانەکانی بەهای مریشک، بەهای هەر کیلۆیەکی مریشک گەیشتووەتە ۱۲۵۰۰ تاکوو ۱۳هەزار تمەن و لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ۱۷۰۰ تمەن زیادی کردووە.

وێڕای ئەوەی کە گرانی و قەیرانەکان زۆر لەڕادەبەدەر باڵیان بەسەر ئێراندا کێشاوە، بەرپرسانی ڕێژیم لە جیاتی بەهاناوەچوونی خەڵکی لێقەوماوی وڵاتی ئێران و یارمەتیدانی خەڵکی هەژار و دابینکردنی پێداویستییەکانی لێقەوماوانی ئەو وڵاتە، خواردمەنییە پێداویستییەکانی وەکوو: برنج، مریشک، گۆشت، ڕۆن و هتد، ڕەوانەی وڵاتانی سووریە، لوبنان، یەمەن و ناوچەکانی فلستین دەکات و ڕادەستی گرووپە میلیشیاکانی خۆی دەکات.