کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی لە بازاڕەکانی ئێراندا ڕووی لە هەڵکشانە

11:14 - 18 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: قەیرانی ئابووری و گرانیی نرخی پێداویستییەکان لە بازاڕەکانی ئێراندا، ڕووی لە هەڵکشانی زیاتر کردووە و ئەمجارە نرخی هەر شانە هێلکە، گەیشتووەتە ٢٠ هەزار تمەن.

گرانی لە سیستمی ئابووریی ئێراندا، ڕووی لە هەڵکشان بووە و نرخی پێداویستییەکانی ژیان لە بازاڕەکاندا ڕۆژبەڕۆژ پەرە دەستێنێت و لە دوای پەسەندکردنی گەمارۆوە ئابوورییەکانیش دژی ڕێژیمی ئێران، نرخی کەلوپەلە سەرەتایییەکان و ماددە خۆراکییەکان، چەندین قات بەرز بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، هەموو ساڵێک بە هاتنی وەرزی گەرما، نرخی هێلکە و هەندێک لە ماددە خۆراکییەکان دادەبەزی، بەڵام لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نرخی هەر شانە هێلکە، گەیشتووەتە ١٨ تا ٢٠ هەزار تمەن.

ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا بۆ چەواشەکاریی زیاتر و بەناو پشتگیری لە بەرهەمهێنەرەکان، هەناردەکردنی هێلکەی بۆ دەرەوەی ئێران ئازاد کرد، تا پێش بە زەرەر و زیانەکانی بگرێت، بەڵام بەپێی ئامارەکان، نەتەنیا پێشی بە زیانەکان نەگرتووە، بەڵکوو گرانی و زیانەکانیشی، ڕووی لە زیادبوون کردووە.

گوشاری گرانییەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە خەڵکی ئەو وڵاتە توانایی کڕینی شتومەک و خواردەمەنییەکانیان نەماوە و گرانیی ۵۱۱ لەسەدیی پیواز، ۲۲۸ لەسەدیی ڕوب، ۱۰۰ لەسەدیی شەکر، ٣٣ لەسەدیی هێلکە و ۹۳ لەسەدیی ڕۆن، چەند نموونەیەکی بچووکن لەم هەڵکشانانە.