کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی لە بازاڕەکانی ئێراندا کۆنترۆڵ ناکرێت

12:42 - 20 رەشەمه 2719

بە هەڵکشانی نرخی خواردەمەنی لە ئێران و کوردستان، سفرەی خەڵکیش بەردەوام بچووک دەبێتەوە و توانای کڕینی خەڵک دادەبەزێت.

بەشێک لە بنەماڵەکانی ئێران و کوردستان بەهۆی گرانیی گۆشت و میوە، ئەو دوو خۆراکەیان لە ژەمەکانی خواردنی خۆیان لابردووە.

گرانیی گۆشت لە ئێران بۆ نەبوونی سیاسەتی کۆنترۆڵی نرخی بازاڕ و بڵاوکردنەوەی ئەو خۆراکە دەگەڕێتەوە.

کاربەدەستانی ڕێژیم باس لەوە دەکەن کە هاوردەکردنی گۆشت لە دەست کەسانێکی تایبەتدایە.

لە بەرەبەری ساڵی نوێدا، نرخی گۆشت دیسانەوە بەرز بووەتەوە و "سەعید سوڵتانی سەروێستانی"، بەڕێوەبەری گشتیی یەکیەتیی چێودارانی ئێران ڕایگەیاندووە، بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت لە بازاڕدا بابەتێکی ئاسایی نییە.

"مەحموود جامساز"، شرۆڤەکاری ئابووری وتوویەتی، بە گرانبوونی ٣٠٠ لەسەدیی نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکان خەڵک ناچارن ناڕەزایەتی دەرببڕن.

لە ئێراندا پێوەری کڵۆڵیی (فلاکت) خەڵک گەشەی کردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە ٥٠ لەسەد، ئەوەش بە مانای هەژارتربوونی خەڵکە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران، لە ئێستادا لە وڵات دوو جۆری هەژاریی "توند" و هەژاریی "ڕەها" بوونی هەیە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران باسیان لەوە کردووە، زۆرینەی بنەماڵەکانی ئێران هەژاریی "توند"یان هەیە، بەو مانایە کە سەرپەرەستی بنەماڵە تەنیا دەتوانێت تێچووی خواردەمەنیی ئەندامانی بنەماڵە دابین بکات.