کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی و بێکاری زیاتر ژیانی خەڵک ئەستەمتر دەکاتەوە

12:12 - 23 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: سیاسەتە نالێکەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە گرانی، بێکاری و هەژاری و دەیان کێشەی دیکەی خولقاندووە، خەڵکی کوردستانی تووشی دۆخێکی نالەبار کردووە.

هاووڵاتییەکی خەڵکی ناوچەی سەردەشت، سەبارەت بەو دۆخە نالەبارە کە بەسەر خەڵکی ئەو ناوچەیەدا زاڵە، ئاوا دواوە: "توانایی کڕینی کەلوپەل و خواردەمەنی لەلایەن خەڵک بە ڕادەیەکی زۆر بەرچاو دابەزیوە. بەهۆی قەیرانی ئابووری و گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، زەرەرمەندی سەرەکی، چینی هەژاری کۆمەڵگا و خەڵکی بێدەرەتانی ئێران و بەتایبەت کوردستانن".

ئەو هاووڵاتییە باسی لەوە کردووە، لە ڕووی ئابوورییەوە دۆخی خەڵک لەو پەڕی خراپیدایە و گەنجەکان لە ناچارییەوە ڕوو لە کۆڵبەری دەکەن یان بۆ پەیداکردنی کار ڕێگای شارە غەیرە کوردنشینەکان دەگرنەبەر.

بەهۆی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامی و کەمتەرخەمیی بەناو بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە بەنیسبەت دۆخی خەڵکی دانیشتووی ئێرانەوە، نەبوونی دەرفەتی کار و هەژاری و چارەڕەشیی خەڵک، بووەتە هۆکارێک بۆ ناڕەزایەتیی لەڕادەبەدەری خەڵک.