کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی و قەیرانەکانی ژیان، هەموو "پیرۆزییەکان"ی لەبیر خەڵک بردۆتەوە

12:02 - 6 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: گرانی، بێکاری، هەڵاوسان، کەمی ماددە خۆراکییەکان، قەیرانە جۆربەجۆرە کۆمەڵایەتی و ڕۆحی – ڕەوانییەکان لە ئێراندا کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر باوەڕە دینی و مەزهەبییەکانی خەڵکیش داناوە.

لە ماوەی رۆژانی ڕابردوودا و دوابەدوای هاتنەئارای شەپۆلێکی نوێ لە گرانی و بێکاری لە سەرانسەری ئێراندا و هەروەها زیادبوونی ڕۆژانەی گوشارەکان بەهۆی شڵەژانی بازاڕ و کەمبوونەوەی بەرچاوی ماددە خۆراکییەکان، خەڵک بە گاڵتەجاڕی "پیرۆزییەکان"ی ڕێژیم دەکەنە ئامانج کە ساڵانێکە پڕوپاگەندەی بۆ دەکات و تێچووی سەیر و سەمەرەی بۆ پەرەپێدانی دابین کردووە؛ لە نوێترین هەوڵی لەم چەشنە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بۆتەوە، دەنگی "نوحە"یەک بڵاو کراوەتەوە کە بەسەر "ڕوبی تەماتە"دا هەڵدەڵێ.

لەم نەوحەدا بێژەرەکە لەسەر کێشی پێداهەڵکوتنەکان بە ڕێبەری ڕێژیم و ئیمامانی شیعە دەڵێ:" ئەی ڕوبی تەماتە گیانم بە فیدات، لە کوێی ئەی تەماتەی خۆشەویست کە نرخت نادیارە و ....."؛ یان لە ویدیۆیەکی تردا هاووڵاتییەک بە شێعری تەنز باس لە گران بوونی دۆلار و دابەزینی نرخی تمەن، بێکاری، نەبوونی پووشەک و بوونی مووشەک و ... دەکات.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا نرخی کەلوپەل و پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک تەماتە، ڕوبی تەماتە، پیاز، هێرەڵماسی، نان، هێلکە و گۆشت و میوەکان بەڕێژەیەکی سەرسووڕهێنەر زیادیان کردووە بۆنموونە تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە نرخی هەر کیلۆ هێرەڵماسی سنووری ٥٥٠٠ تمەنی تێپەڕاندووە.

هەر لەم جوارچێوەیەدا ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی میوە و سەوزی بێهبەهان شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک، کڕیاران و فرۆشیارانی میوە و سەوزی هاتە ئاراوە و لە زاهێدانیش خەڵک لە ترسی گرانتربوونی نرخی کەلوپەلەکان هێرشیان بردووەتە سەر دووکانەکانی نێو گۆڕەپانی میوە، کە ئەمانە وەک یەکەم دەرهاویشتەکانی قەیرانی برسیەتی و گرانی پێناسەی بۆ دەکرێت.