کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی و هەژاری لە ئێران لە ساڵی ٩٩دا زیاترین پەرەسەندنی هەبووە

15:51 - 27 رەشەمه 2720

بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر تەندروستیی خەڵکی ئێران و کوردستان.

چەندین ئاماری جیاواز لە بەرزبوونەوەی نرخی برنج، دانەوێڵە، گۆشت و میوە نیشان دەدات کە دابینبوونی کالێری بۆ بنەماڵەکانی ئێران و کوردستان لە دۆخێکی قەیرانیدایە.

وەزارەتی پیشە، کانگا و بازرگانی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆی ڕایگەیاندووە کە نرخی برنج لە سەرەتای ساڵ هەتا کۆتایی مانگی ڕێبەندان نزیکەی ١٢٣ لەسەد بەرز بووەتەوە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، بەرزبوونەوەی نرخی مریشک لە مانگی ڕێبەندانی ٩٨ هەتا ڕێبەندانی ٩٩ نزیکەی ٧٧ لەسەد بووە.

هەروەها ناوەندی ئاماری ئێران لە ڕاپۆرتی هەڵاوسانی پارێزگاکان کە لە مانگی بەفرانباردا بڵاو کراوەتەوە، باسی لەوە کردووە کە سفرەی خەڵک هێندەیتر دیکە بچووکتر بووەتەوە.

بەپێی ئاکامی ئەو ڕاپۆرتە، لانیکەم ١٧ پارێزگا ڕوبەڕووی بەدخۆراکی بوونەتەوە، چونکە لەو پارێزگایانەدا نرخی هەڵاوسانی کاڵا خۆراکییەکان زیاتر لە نێونجیی ئێران بووە و نزیکەی ٥٨ لەسەد بووە.

تاوتوێی ڕاپۆرتەکان لەلایەن ناوەندی توێژینەوەی مەجلیس، وەزارەتی پیشە و ناوەندی ئاماری ڕێژیم نیشان دەدات، لانیکەم ٢٨ ملیۆن کەس لە ئێران لە خراپترین دۆخی ژیاندان و تووشی بەدخۆراکی بوونە.