کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی و کەمیی پێداویستییە خۆراکییەکان خەڵکی وەزاڵە هێناوە

12:48 - 19 بانەمەڕ 2722

بەردەوامیی شەپۆلی گرانییەکان لە ئێران و کوردستان دۆخێکی ژیانی خەڵک بە ڕادەیەک نالەبارە کردووە کە هیچ تروسکە هیوایەکیان بۆ ژیان نەماوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" گرانی و کەمیی نان دۆخیکی ئاڵۆزی بۆ خەڵک پێکهێناوە و هاووڵاتیان لە شاری شنۆ باس لەوە دەکەن کە یەک فەردە ئارد بە نرخی ئازاد بە ٢٧٠ هەزار تەمەن بە خەڵک دەفرۆشرێت کە کێشەیەکی زۆری بۆ خەڵک دروست کردووە.

لە فرۆشگا و سوپێر مارکێتەکانی شاری سەقز ڕۆنی خۆراکی بە کەمی دەست دەکەوێ و ئەو ڕێژەیەش کە هەیە بە نرخێکی زیاتر لە نرخی دیاریکراوی سەر کاڵاکە دەفرۆشرێت. 

ماکاڕۆنیش هاوشێوەی کاڵاکانی دیکە بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر گران بووە و زۆرێک لە دووکانداران ئەو کاڵایە کە نرخی پێشووی لەسەرە بە خەڵک نافرۆشن.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن لە نانەواخانەکان نانی بەستەبەندی بە فرۆشگا و سوپێرمارکێتەکان نافرۆشن  هەتا ئاردەکەیان لە ئەنباردا بمێنێتەوە و لە داهاتوویێکی کورتدا بیکەن بە نان و چەند بەرابەری نرخی ئێستا بیفرۆشن.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە کارتی بێنزینی ۳ هەزار تمەنی لە هەندێک لە پۆمپی بێنزینەکان کۆ کراوەتەوە و هەر ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە ڕێژیم چیدی نایهەوێ بێنزین بە ۳هەزار تمەن بە خەڵک بفرۆشێ و دەیهەوێ پلەپلە بێنزینیش گران بکات .

بەهۆی ئەم دۆخەوە کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەسەر خەڵکدا سەپاوە، توڕەیی و بێزاری خەڵک لەو ڕێژیمە گەیشتووەتە ئاستێک کە لە هەر دەرتانێک دژی ئەو ڕێژیمە پێشوازی دەکەن.