کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی کۆنتڕۆڵی بازاڕەکانی ئێرانی بە دەستەوە گرتووە

17:02 - 25 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: به هۆی گرانیی نرخی خۆراک و بە تایبەتی میوە و شیرینی لە بازاڕەکانی کوردستان و ئێراندا خەڵک بڕیاریان داوە ئاجیل و شیرینی نەکڕن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوتەوە و داوا لە خەڵک کراوە به هۆی ئەوەیکە نرخی خۆراک بە تایبەت شیرینی و ئاجیل نرخێکی گرانی هەیە و خەڵک ناتوانن بیکڕن، خۆ لە کڕینی بپارێزن و بازاڕی نێوخۆیی تەحریم بکەن.

ئەو داواکارییە لەگەڵ پێشوازیی خەڵک بەرەوڕوو بووەتەوە.

لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی "فارس" سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە فەرمی دانی بەوە داناوە کە خەڵک به هۆی گرانی، شیرینی و ئاجیل ناکڕن و  "نا"یان بە گرانی گوتووە.

ئەو داواکارییە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕوو لە خەڵک بڵاو کراوەتەوە لەگەڵ پێشوازیی بەرینی خەڵک بەرەڕوو بووەتەوە و بەرپرسانی ڕێژیمیش دانیان بەوە داناوە کە خەڵک بازاڕەکانی نێوخۆ تەحریم دەکەن و کەلوپەل بۆ نەورۆز ناکڕن.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی ئەو هەوڵەی خەڵکی ئێران و بە تایبەت کوردستان، لە ئاستی شار و گوندەکاندا لەسەر بنێری نووسراوەدا داوایان لە خەڵک کردووە، به هۆی گرانیی لە بازاڕدا و بۆ ئەوەیکە لەبیری خەڵکی هەژاریش دابین، با خۆمان لە کڕینی شیرینی و ئاجیل بپارێزین.

ئەگەرچی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران، بەردەوام باس لەوە دەکەن کە هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ ئەوەیکە لە ڕۆژانی نەورۆزدا بازاڕ کۆنتڕۆڵ بکەن؛ بەڵام لە کردەوەدا هیچ ئیقدامێکیان بە کردەیی نەبووە.